Accessibility links

گوتەبێژێکی هێزەکانی عێراق: هێزەکانمان لە موسڵی کۆن نزیکەی 200 مەتر لە ڕووباری دیجلەوە دورن


گوتەبێژی هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق ڕایگەیاند هێزەکانیان تەنها نزیکەی 200 مەتریان ماوە بگەنە سەر ڕووباری دیجلە لە ناوچەی کۆنی شاری موسڵ کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووبارەکەوە.

عەمید سەباح ئەلنوعمان ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێـکی تایبەتدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ناوچەی ڕەئس ئەلکور کە دەکەوێتە بەشی کۆنی شارەکە ڕزگارکرا و ئێستا هێزەکانیان نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکانیان.

گوتیشی کۆمەڵێـکی بچوکی داعش کە زۆربەیان خۆکوژی بیانین لە شارەکەدا ماونەتەوە و خۆیان لە نێو ماڵەکاندا حەشارداوە.

گوتیشی ژمارەیەکی زۆریان لەو خۆکوژانە کوشتووە کە زۆربەیان ژنانی بیانی بوون. گوتی هەر ئەمڕۆ هێزەکانیان ڕێگەیان لە دوو خۆکوژ گرت لەوەی بگەنە نێو ماڵی خەڵکی سیڤیل و خۆیان پـیاندا بتەقێنـنەوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر پـێشوازی خەڵکی لە هێزە عێراقیـیەکان.

عەمید سەباح ئەلنوعمان باسیشی لە ژمارەی کوژراوانی داعش کرد و گوتی لەوەتای هێزەکانیان چوونەتە بەشی کۆنی شارەکە و هەتا ئەو کاتەی مزگەوتی نوریـیان ڕزگارکرا زیاتر لە 900 چەکداری داعش کوژراون.

XS
SM
MD
LG