Accessibility links

هێزەکانی عێراق شکست بە هێرشێکی داعش لە موسڵ دەهێنن و گەڕەکێکی دیکە ڕزگاردەکەن

  • VOA News

هێزەکانی عێراق توانیویانە گەڕەکێـکی ناوچەی کۆنی شاری موسڵ لە داعش ڕزگاربکەن، پاش ئەوەی شکستیان هێنا بە هێرشێـکی لەناکاوی داعش لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای شارەکە.

فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا فەرماندی ئۆپـۆراسیۆنەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی هێزەکانی دژە تێرۆر بەیانی ئەمڕۆ توانیان گەڕەکی فاروقی یەکەم ڕزگاربکەن کە دەکەوێتە بەرامبەر (مزگەوتی نوری)، ئەمەش پاش ئەوەی زیانێـکی گیانی زۆریان پـێگەیاند.

ئەم ڕاگەیاندنە پاش ئەوە دێت کە دوێنێ یەکشەممە عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوتی تەنها 1% ی ناوچەی کۆنی شاری موسڵ بە دەستی داعشەوە ماوەتەوە و ئێستا هێزە عێراقیـیەکان لە چەند قۆڵێـکەوە لە هێرشەکانیان بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی ئەو دوا شوێنەی لە شارەکە بە دەست داعشەوە ماوەتەوە.

لە لایەکی دیکە هێزە عێراقیـیەکان بەردەوامن لە پشـکنینی چەند گەڕەکێـکی هەردوو ناوچەی تەنک و یەرموک لە ڕۆژئاوای شارەکە، پاش ئەوەی شەوی یەکشەممە ژمارەیەک چەکداری داعش لەو ناوچانە سەریانهەڵدا و هێرشێـکی لە ناکاویان ئەنجام دا. ئەمەش دانیشتوانەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کرد کە لەم دوایـیانە گەڕابوونەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

فەریق ڕوکن عەبدولوەهاب ئەلساعدی فەرماندەی هێزی دژە تێرۆر بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەو کۆمەڵە چەکدارەی داعش کە لە نێوان 15 بۆ 20 کەس دەبوون لەگەڵ خەڵکی ئاوارە لە شارەکە دەرچووبوون و لە ناوچەی تەنک خۆیان حەشاردابوو و ئەم هێرشەیان کرد. گوتیشی ئێستا هێزەکان ماڵ بە ماڵی ناوچەی یەرموک دەگەڕێن و پاشان تەواوی ڕۆژئاوای شاری موسڵ دەپشکنن.

XS
SM
MD
LG