Accessibility links

یونیسێف: 100 هەزار منداڵی موسڵ ژیانیان لە مەترسیدایە


ئاژانسی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNICEF ئەمڕۆ دووشەممە ئاگاهیدا کە چربوونەوەی شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و داعش زیان و کاریگەری خراپی بە پلەی یەکەم کردووەتە سەر منداڵان لە شاری موسڵ.

لە ئێستادا چەکدارانی داعشیان تەنها لە ناوچەی دێرینی شاری موسڵ ماونەتەوە کە ناوچەیەکە ماڵ و بیناکانی زۆر نزیک یەکەن و دانیشتوانێـکی زۆریان تێدایە، ئەمەش شەڕەکەی بۆ هێزەکانی عێراق سەخت کردووە.

پـیتەر هۆکینز نوێنەری ڕێکخراوی یونیسێف لە عێراق گوتی ئاژانسەکەی ڕاپۆرتی ترسناکی پێدەگات سەبارەت بە هاوڵاتیانی سیڤیل کە لە شاری موسڵدا دەکوژرێن و بەشێکیان منداڵن و لەو کاتەی هەوڵی هەڵهاتن لە ناوچەکە دەدەن، دەکەونە نێوان بەرداشی شەڕەکانەوە.

ناوبراو هەرچەند ئاماری وردی لەسەر ئەو منداڵانە نەدا، بەڵام گوتی مەزەندە دەکرێت 100 هەزار منداڵ هێشتا لە ناوچەی موسڵی دێریندا مابن. نوێنەرەکەی یونیسێف داوای لەلایەنانی شەڕەکە کرد کە ژیانی منداڵان بپارێزن و لە مەترسی بە دوریان راگرن.

لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW ئەمڕۆ دووشەممە گوتی لەوەتای ئۆپەراسیۆنی ئۆپەراسیۆنەکە دەسـتیپـێکردووە بە لایەنی کەم 26 تەرم لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت لە دەوروبەری موسڵ دۆزراونەتەوە کە چاو و دەستیان بەسترابوون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت چەکدارانی ناوچەکە بە ڕۆژنامەوانانی بیانیان گوتووە 15 پـیاو کە بە گومانی پەیوەندی بە داعشەوە دەسـتگیرکرابوون بە دەستی هێزەکانی حکومەت کوژراون.

XS
SM
MD
LG