Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی عێراق دەڵێت داعش کەمتر لە 7 لەسەدی خاکی عێراقی بەدەسـتەوە ماوەتەوە


کاربەدەستێـکی لەشکری عێراق دەڵێت داعش چیتر وەکو دوو ساڵ لەمەوبەر خاکی عێراقی بەدەسـتەوە نەماوەتەوە و لە ئێستادا کەمتر لە 7 لە سەدی خاکی عێراقی لە ژێر کۆنترۆڵدایە.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا گوتی داعش هەتا 31 ی مانگی سێ تەنها 6.8% ی خاکی عێراقی بەدەسـتەوە ماوەتەوە، بەڵام لە 10 ی مانگی شەشی ساڵی 2014 ناوچەیەکی داگیرکردبوو کە ڕووبەرەکەی بە 108405 کیلۆمەتر دووجا مەزەندەدەکرا، واتە 40% ی خاکی عێراق.

هێزەکانی عێراق لە 17 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە دەسـتیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵ و هەتا ئێستا تەواوی بەشی ڕۆژهەڵات و بەشی باشوری ڕۆژئاوای شارەکەیان ڕزکارکردووە.

ئەگەربێت و شاری موسڵ بە تەواوی ڕزگاربکرێت، ئەوا داعش هیچ شارێـکی عێراقی بەدەسـتەوە نامێنێت و تەنها دوو شارۆچکەی بەدەستەوە دەمێنێت، تەلەعفەر لە موسڵ و حەویجە لە کەرکوک.

کۆلۆنێل جۆن دۆریان گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی لە پاش شەڕی موسڵ دەستبەرداری عێراق نابن، بەڵکو دەمێنـنەوە بۆ پشـتیوانیکردنی عێراقیـیەکان لە هەڵمەتەکانیان بۆ نەهێشتنی داعش لە هەرچ شوێنێـکی وڵاتەکەدا.

XS
SM
MD
LG