Accessibility links

تەقینەوەی 3 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە گۆگجەلی موسڵ کوژرانی 23 کەسی لێدەکەوێتەوە

  • VOA News

کاربەدەسـتانی لەشکری عێراق دەڵێن ئەمڕۆ پـێنجشەممە 3 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەی گۆگجەلی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ تەقیونەتەوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 15 کەسی سیڤیل و 8 پـۆلیس کوژراون.

گوتەبێژێـکی لەشکری گوتی ئامانجی تەقینەوەکان بازاڕێـکی ناوچەکە بووە کە لەم دوایـیانەدا لە دەسـتی داعش ڕزگارکراوە.

لەوەتای هێزەکانی عێراق بە پاڵپشـتی هێزەکانی پـێشمەرگە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ناوچەکانی دەوروبەری شاری موسڵیان ئازادکردووە، داعش چەندان جار ئەو ناوچانەی تۆپـبارانکردووە و لە ئاکامدا دەیان کەسی سیڤیل گیانیان لەدەسـتداوە یان برینداربوون.

هەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە میانەی دابەشکردنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان لە موسڵ بەهۆی کەوتنی گولـلە خومپارە بە لایەنی کەم 4 کارمەندی فریاگوزاری و 7 کەسی سیڤیل کوژراون.

لیز گراندی کۆمسیاری کارە مرۆیـیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی ئەو خەڵکە لێقەوماوەی چاوەڕێی یارمەتی دەکەن ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، بۆیە دەبێت بپارێزرێن نەک هێرشیان بکرێتەسەر. داواشیکرد هەموو لایەنەکان ژیانی خەڵکی سیڤیل بپارێزنن و ڕێگە بدەن یارمەتیـیەکانیان وەربگرن.

دوێنێ چوارشەممە کاوە عومەر پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە موسڵ سەردانی ناوچەی گۆگجەلی کرد و ژمارەیەک وێنەی لەوێوە نارد.

XS
SM
MD
LG