Accessibility links

فەرماندەیەکی لەشکری ئەمەریکا: زیاتر لە 800 چەکداری داعش لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا کوژراون


فەرماندەیەکی لەشکری ئەمەریکا دەڵێت لەوەتای ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ لە 17 ی ئەم مانگدا دەسـتیپێـکردووە 800 بۆ 900 چەکداری داعش کوژراون.

جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە چاوپێـکەوتنێـکیدا لەگەڵ ئاژانسی فڕانس پـرێس ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی داعش ئەو توانایەی نەماوە بە کاروانی گەورە جموجۆڵ بکات، بەمەش ناتوانێت بە ئاسانی شوێنی ئەو چەکدارانەی پـڕبکاتەوە کە دەکوژرێن. بەڵام گوتیشی هێشتا دەتوانن بە شێوەی گروپی بچوک‌بچوک هاتوچۆ بکەن.

بەپـێی زانیاریـیە هەواڵگریـیەکان مەزەندە دەکرێت لە نێوان 3500 بۆ 5000 چەکداری داعش لە ناو شاری موسڵدا هەبن و نزیکەی 2000 چەکداری دیکە لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە بن.

بەڵام جەنەڕاڵ ڤۆتێل دەڵێت سەختە لە ئێسـتادا ژمارەی تەواوی چەکدارانی داعش لەوێ بزانرێت لە کاتێـکدا بەرەو دەرەوەی شارەکە دەچن و خۆیان تێکەڵ بە خەڵکی سیڤیل دەکەن.

فەرماندەکانی لەشکری عێراق پـێشبینی دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوو شەڕەکان بگەنە قەراغ شاری موسڵ و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەسـتپێـبکات.

XS
SM
MD
LG