Accessibility links

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا: چەند ڕۆژێـکی دیکە لە قەراغ شاری موسڵ دەبین


فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا پـێشبینی دەکات بەر لە کۆتایی ئەم مانگە هێزە عێراقیـیەکان بگەنە قەراغ شاری موسڵ یان بچنە نێو هەندێک لە گەڕەکەکانی شارەکەوە.

لیوا ڕوکن نەجم ئەلجبوری ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێـکی بۆ ڕادیۆ سەوا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هێزەکانیان بە شێوەیەکی باش پـێشڕەویـیان کردووە و بەردەوام دەبن لە فشارەکانیان بۆ سەر داعش.

گوتیشی لە ناوچەی شۆرەی باشوری شاری موسڵ کە لە ئێستادا هێزەکانی حکومەت لە نزیکیـیەوە جێگیربوون، توانیویانە زیاتر لە 1500 کەس ڕزگاربکەن کە داعش لەو ناوچەیە دەسـتبەسەری کردبوون.

هەروەها ناوچەی ئەلقیلاع لە باشوری شارەکە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە و هێزەکان چاوەڕێی فەرمانی کۆنترۆڵکردنی دەکەن.

لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ، فەریق ڕوکن عەبدولوەهاب ئەلساعدی فەرماندەی هێزەکانی دژە تێرۆر لە ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵ گوتی هێزەکانی دژە تێرۆر کۆنترۆڵی تەواوی تۆپزاوایان کردووە و وان لە ناوەندی گوندەکەن. لە ئێستادا هێزەکان لەو میحوەرە لە دیوی بەرتڵـڵەوە نزیکەی 4 کیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دورن.

لە میحوەری لە باکوری شارەکە، هێزە عێراقیـیەکان پاش ئەوەی کارگەی غازی تلکیفیان کۆنترۆڵکرد، ئێستا تەنها 6 کیلۆمەتر لە گەڕەکی ئەلعەرەبی شاری موسڵەوە دورن.

XS
SM
MD
LG