Accessibility links

پـێشمەرگە لە هەڵمەتی خازر زیاتر لە 8 گوند لە داعش ڕزگاردەکات


وەک بەشێـک لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ لە داعش، فەرماندەیەیی گشـتی پـێشمەرگە دەڵێت نزیکەی 4 هەزار پـێشمەرگە بەشداری لە هەڵمەتی خازردا دەکەن و لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لەو ناوچەیە.

بەپـێی زانیاریـیەکان هێزەکانی پـێشمەرگە لەو هەڵمەتەی ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی بەڕتڵـەیان ڕزگارکردووە، لەوانە شاقوڵی، بازگرتان، شێخ ئەمیر، تارجلا، باسخەرە، بەدەنەى گەورە، بەدەنەی بچوک، کەبەرلی.

هاوکات فرقەی نۆی لەشکری عێراقیش چەند ناوچەیەکیان ڕزگارکردووە لە نزیک قەرەقۆش و باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ.

هاوپەیمانانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بەردەوام بە هێزی ئاسمانی پاڵپشـتی هێزەکانیان کردووە و بەپـێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ زیاتر لە 70 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە موسڵ ئەنجامدراوە.

لە لایەکی دیکەوە شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی لەوەتای لە بەربەیانەوە ئۆپەراسیۆنەکە دەسـتیـپێـکردووە 6 پـێشمەرگە گیانیان لەدەسـتداوە و 14 ی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG