Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق بە فەرمی ڕزگارکردنی تەواوی شاری موسڵی ڕاگەیاند


سەرۆک وەزیری عێراق لە شاری موسڵەوە بە فەرمی ڕزگارکردنی تەواوی شارەکەی لە داعش ڕاگەیاند و دەستخۆشی لە هێزەکانی عێراق کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی تۆماریانکردووە.

حەیدەر عەبادی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە جلوبەرگی لەشکریـیەوە لە بەردەم ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز لە شاری موسڵ بەیانـنامەکەی خۆی بەو بۆنەیەوە ڕاگەیاند.

گوتی" لێرەوە بۆ هەموو جیهانی ڕادەگەیەنم کۆتایی و شکست هێنرا بە دەوڵەتی خورافە و تێرۆری داعش کە سێ ساڵ لەمەوبەر لێرەوە لە شاری موسڵ داعشەکان ڕایانگەیاند، بەڵام بە قوربانیدانی عێراقیـیەکان و هەوڵەکانیان و خوێنیان توانیمان ئەم سەرکەوتنە بەسەر ئەم دەوڵەتە ڕەوشت نزم و خوێنڕێژە تۆماربکەین."

عەبادی ڕێز و پـێزانینی بۆ هێزەکانی وڵاتەکەی دەربڕی و گوتی هەرگیز قوربانیـیەکانیان لەیاد ناکەن. پاشان ستایشی عەلی سیستانی ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراق کرد و ئاماژەی بۆ فەتواکەی کرد، ئەوەی تیایدا داوای لە عێراقیـیەکان کرد چەک لە دژی داعش هەڵگرن. عەبادی گوتی ئەو فەتوایە کاریگەری زۆری هەبووە.

جەختی لەوەش کرد پـلانی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکان لە لایەن عێراقیـیەکانەوە خۆیان داڕێژرابوو و بە دەسـتی عێراقیـیەکانیش لەسەر زەوی جێبەجێ کراون و هیچ کەسێـکی بیانی لەسەر زەوی بەشداری لە شەڕەکاندا نەکردبوو.

دواتر سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد کە پشـتیوانی عێراق دەکەن لە شەڕی دژی داعش لە ڕێگەی مەشق ‌و ڕاهێنان و پشـتیوانی لۆجستی و پاڵپشتی هێزی ئاسمانی.

لە کۆتایـیدا گوتی ئەرکەکانی داهاتوویان سەقامگیری و بنیادنانە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەبن. هەروەها گوتی ئەرکێـکی دیکەی گرنگ لەسەر شانی عێراقیـیەکانە ئەویش نەهێشتنی شانە نوستووەکانی داعشە کە ئەمەش پـێویستی بە کاری هەواڵگری و ئاسایشی هەیە.

ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی بەبۆنەی ڕزگارکردنی شاری موسڵ، بە ناوی سەرۆک ترامپ و خەڵکی ئەمەریکاوە پـیرۆزبایی لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق و خەڵکی عێراق دەکەم.

ڕێز و پـێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هێزە عێراقیـیەکان و خەڵکی عێراق و هەروەها بۆ هێزەکانی پـێشمەرگەش لە بەدیهێنانی ئەم سەرکەتنە. پاشان سەرەخۆشی خۆی نارد بۆ کەسوکاری ئەوانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گیانیان لەدەستدا.

XS
SM
MD
LG