Accessibility links

کەوتنەخوارەوەی موشەکێک لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغداد


سوپای عێراق ڕایگەیاند کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو موشەکێکیان هەڵداوە و لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی کەوتۆتە خوارەوە.

هەریەک لە هێزەکانی عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغداددا بوونیان هەیە، ئەمەش بە هێرشێکی دیکە دادەنرێت بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2019 ەوە نزیکەی 30 هێرش کراوەتە سەر بەرژوەندییە سەربازیی و دیبلۆماسیەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام لەم مانگانەی دواییدا هێرشە موشەکییەکان کەمبونەتەوە.

ئەم هێرشە موشەکیە نوێیە سێ ڕۆژ پێش دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق دێت کە وابڕیارە لەڕێی ئۆنلاینەوە کۆبوونەوەکەیان ئەنجام بدەن، ئەم کۆبوونەوەیەش لە چوارچێوەی ئەو " گفتوگۆ ستراتیژییانەدا " دێت کە بەمەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی هاریکاریەکانی نێوان دوو وڵاتەکە ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکی وەرگیراوەوە ڕایگەیاند " موشەکێک لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغداد کەوتۆتە خوارەوە، دەرکەوتووە موشەکەکە لە ناوچەی عەرەب خەزیر لە باشووری فڕۆکەخانەی بەغدادەوە هەڵدراوە، لەو شوێنەدا هێزەکانی ئاسایش پڕۆسەیەکی پشکینیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەم کارە تیرۆریستیەیان ئەنجامداوە."

لەلای خۆیەوە سەرچاوەیەکی سەربازی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " موشەکەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتۆتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG