Accessibility links

سەرۆکی عێراق پـرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە


سەرۆکی عێراق ڕەتیکرد پـرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018 ی وڵاتەکە واژوبکات و دەڵێت چەندان سەرپـێچی دەستوری و یاسایی و دارایی تێدایە.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی فوئاد مەعسوم ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند سەرۆک کۆمار بڕیاری داوە پـرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ کە لە 3 ی مانگی سێی ئەمساڵدا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا، بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان تاوەکو پـیایدابچنەوە لە ڕووی دەستوری و یاسایی و دارایی، ئەمەش بەهۆی بوونی نزیکەی 31 خاڵ کە پـێچەوانەی یاساکانن.

ئۆفیسەکە دەشڵێت ئەم بڕیارەی سەرۆک کۆمار دراوە لە پاش ئەوەی ژمارەیەک شارەزا و ڕاوێژکاری یاسایی و دارایی پـیاداچوونەوەی وردیان بە بڕگەکانی پـرۆژە یاساکەدا کرد.

بەم بڕیارە فوئاد مەعسوم دەبێت سەرلەنوێ مشتومڕەکانی نێو پەرلەمانی عێراق دەسـتپـێبکەنەوە بۆ هەموارکردنی پـرۆژە یاساکە.

جێی ئاماژەیە 10 ڕۆژ لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا بەبێ بەشداری پەرلەمانتارە کوردەکان ئەو پـرۆژە یاسایەی پەسەندکرد کە وەک کوردەکان دەڵێن ناڕەوایی تێدایە.

بەپـێی پـرۆژە یاساکە کە 88 ملیار دۆلاری بۆ دانراوە، بەشی هەرێم لە 17% وە بۆ 12.67% کەمکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG