Accessibility links

عێراق، نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان


ناوچە جیاجیاکانی عێراق پڕن لە گۆڕی بە کۆمەڵ، بەڵام تا ئێستا تەنها ژمارەیەکی کەم لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتەکانی لێ دەرهێنراوە، لەکاتێکدا بەسەدان گۆڕی تری بە کۆمەڵ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دۆزراونەتەوە و تائێستا هەڵنەدراونەتەوە.

مێژووی بەشێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام بە‌شێکی تریان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش لەدوای ساڵی 2014، کە زۆربەی قوربانیەکانی نێو ئەو گۆڕانە کوردن.

قوربانیانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە چین و توێژە جیاجیاکان پێکهاتوون، بەشێکیان سەربازی عێراقین و بەهۆکاری شەڕ نەکردن، بەعس زیندە بەچاڵی کردوون، بەشێکی تریان، سەربازی ئێرانین و لەکاتی شەڕدا دەستگیرکراون و کۆمەڵ کوژکراون، بەشێکی تریشیان، ئەو کەسانەن کە بەعس بە هۆکاری سیاسی کوشتوونی و بە کۆمەڵ ناشتوونی، بەڵام زۆرینەی قوربانیەکان، ئەو کوردە گوندنیشینانەن، کە بەعس لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال دا، کۆمەڵ کوژی کردوون.

ئەحمەد مەجید بەرپرسی ڕێکخراوی چاک لەگەرمیان و ئەندامی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە قوربانیانی ئەنفال، ئاماژەبەوەدەکات تا ئێستا تەنها 5 وەجبە گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتەکانیان بۆ گەرمیان و دۆکان هێنراونەتەوە، لەکاتێکدا هێشتا سەدان گۆڕی تری بە کۆمەڵ ماون، تا هەڵبدرێنەوە، دەڵێت"تەنها لە سنوری شاخی حەمرین، لەنێوان خورماتو و تکریت، نزیکەی 500 گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان هەن، تەنها گۆڕێکیان هەڵدراوەتەوە، کە ڕووفاتی 156 ژن و منداڵی تێدابوو، هەڵدرانەوەی ئەو گۆڕانە، پێویستی بە تیمی پسپۆڕە، چونکە لەگەڵ زەویدا تەخت بوون."

جەختیشیکردەوە" پارێزگاری سەماوە، پێیوتوون: لە سنوری سەماوە، نزیکەی 100 گۆڕی تری بەکۆمەڵ بوونیان هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێم، لە ئاست گۆڕەکان، کەمتەرخەمە."

لە چەند مانگی ڕابردوودا، گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای سەماوە هەڵدرایەوە، کە ڕووفاتی 171 ئەنفالکراوی تێدابوو، ڕووفاتەکان گواستراونەتەوە بۆ بەغدا و تا ئێستا لەوێن، وادەی گێڕانەوەشیان بۆ هەرێمی کوردستان، هێشتا دیار نیە.

سالار مەحمود چالاکوانی بواری ئەنفال و پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان، ڕوونیدەکاتەوە پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، پرسێکی نیشتیمانی و نێودەوڵەتیشە، بەڵام هەرێم وەکو پرسێکی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ نەکردووە، حکومەتی عێراقیش، ئەرکەکانی سەری لەو ڕووەوە جێبەجێنەکردووە، وتی" لەکۆی 183 هەزار ئەنفالکراو، تا ئێستا تەنها ڕووفاتی 5 هەزار هێنراوەتەوە، چونکە کەیسەکە کراوەتە سیاسی و بەجدی کاری لەسەر ناکرێت، لەکاتێکدا ئەرکی حکومەتی عێراقە، لەڕێگەی قەرەبووکردنەوە و هەڵدانەوەی گۆڕەکان، برینی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان ساڕێژبکات."

جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان، کە ژمارەیان سەدان گۆڕە، ناو بە ناو، گۆڕی بەکۆمەڵی سەربازانی عێراقی و ئێرانی، یاخود دەستگیرکراوە سیاسیەکانی سەردەمی بەعسیش دەدۆزرێنەوە، کە هەندێکیان بە ناسنامەکانیان، یاخود جل و بەرگیان دەناسرێنەوە.

هەرچەندە ڕژێمی بەعس ڕووخا و بەدوور دەزانرا، پرۆسەی کۆمەڵ کوژکردن لە عێراق دوو بارە ببێتەوە، بەڵام کاتێک لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 داعش بەشێک لە عێراقی کۆنترۆڵکرد، هەمان سیناریۆ دووبارە بوویەوە و بەدەیان گۆڕی بەکۆمەڵیان، دوای خۆیان بە جێهێشت.

زۆربەی ئەو گۆڕانەی کە داعش کۆمەڵ کوژی کردوون، دەکەوێتە سنوری پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، کەرکوک و سەڵاحەدینەوە، کە قوربانیانی بەشێک لە گۆڕەکان عەرەبن، بەڵام زۆرینەیان کوردن و دانیشتووی ناوچە ئێزدی نیشینەکانی پارێزگای نەینەوان.

ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە و ئیسماعیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی عەرەبی لەکەرکوک، لەدوو لێدوانی جیادا بۆ دەنگی ئەمەریکا، جەختیان لە بوونی چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنوری پارێزگای کەرکوک، بەتایبەت گوندە دوور دەستەکان کردەوە، ئاماژەیان بەوەکرد، داعش لە هەر جێگەیەک، سەرباز یاخود پێشمەرگە، یاخود هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ کردبێت، لەو جێگەیەدا، بەکۆمەڵ کردوونیان بە ژێر خۆڵەوە.

هەرچەندە بەشێکی کەم لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە، کە داعش کۆمەڵ کوژی کردوون، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لەو گۆڕانە نەدۆزراونەتەوە و دۆزینەوەیان، پێویستی بە گەڕان و بەدواداچوونی تیمە پسپۆڕەکان هەیە.

سەعید مەم و زینی وتەبێژی لقی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسلەوەدەکات ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی داعش هەڵنەدراونەتەوە، کە زۆرینەی گۆڕەکانی سنوری شەنگال و سنونی و خانەسور، کوردی ئێزدیان تێدایە، بەڵام چەندین گۆڕی تر لە ناوچەی حەزەر و باشوری موسڵ هەن، قوربانیەکانی نێوی عەرەبن، دەڵێت"داعش یان دەبێت دوژمنی بیت، یان لەگەڵ بیت، بژاردەی سێیەم بوونی نەبووە لایان و کوشتوویانە."

پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، پێویستی بەهەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە بەشێک نیە، لە ئەولەیەتی کارەکانیان.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:33 0:00


XS
SM
MD
LG