Accessibility links

هەڵوێستی کاربەدەستانی کورد لە عێراق لە بەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا


سەرۆکی عێراق هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا بە مەترسیدار ناودێرکرد، دەڵێت جێی مەترسیـیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

بەرهەم ساڵح لەسەر تویتەرەکەی بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نووسیویەتی"هێرشی سەربازی توركیا بۆ ناو سوریا تەسعیدیكی مەترسیدارە؛ ودەبێتە هۆی مەینەتی مرۆیی وبەهێزكردنی گروپە تێرۆریستەكان. مەترسیە بۆ ئاسایشی ناوچەكە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ یەكگرتوو بێت بۆ ڕێگری لەم كارەساتە، وپشتیوانی لە چارەی سیاسی بۆ مافی سوریەكان، بە گەلی كوردەوە، بۆ ئاشتی وكەرامەت."

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تویتەرەکەی لینکی ڕاگەیاندنێکی حکومەتەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەرەوەی نووسیویەتی"سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانم کرد بۆ تاووتوێکردنی دۆخەکە لە سوریا و هەڕەشەکان بۆ سەر سەقامگیری عێراق."

لە ڕاگەیەندنەکەدا نووسراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی جەخت دەکاتەوە کە هەر پەرەسەندنێکی لەشکری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاکامی زۆر خراپی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سوریا دەبێت. داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە دەستبکەن بە وتووێژکردن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگەبگرن لە لەدەستدانی گیانی خەڵکی بێ تاوان و ئاواربوونی زیاتری خەڵکی بەرەو ناوچە مەترسیدارەکان یان بەرەوە هەرێمی کوردستان کە هێشتا زیاتر لە 1.1 ملیۆن پەنابەری لێـیە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا دەبنە مایەی بەهێزبوونی داعش و توندڕەوەکانی دیکە، گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچە کوردیـیەکان لە سوریا، دروستبوونی قەیرانێکی دیکەی پەنابەران. هەروەها وتووێژەکانی ئاشتی بۆ دەستنیشانکردنی ئایندەی وڵاتەکە دوادەکەون. دەبێت جیهان کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت."

XS
SM
MD
LG