Accessibility links

حکومەتی عێراق بەنیازە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان

  • VOA News

حکومەتی عێراق بەنیازە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ناوچە جێ ناکۆکیی لەسەرەکانیشەوە بەڕێوەدەچێت.

حکومەتی عێراق هەرێمی کوردستان ڕادەسپێرێت هەموو خاڵە سنووریەکان بە فڕۆکەخانەکانیشەوە ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش دەکات تەنها مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقدا بکەن سەبارەت بە خاڵە سنوورییەکان و نەوت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق دەست بگرێت بەسەر خاڵە سنووریەکاندا و جوڵەی بازرگانی شت و مەک و هاتووچۆی خەڵکەکان ڕایی بکات.

لەلایەکی تریشەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەنێوان سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی و سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادیدا، سەرۆکی ئێران پیرۆزبایی لە گەل و سەرکردایەتی عێراق کرد سەبارەت بە سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانیان دژی داعش، هەروەها لە بارەی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە حەسەن ڕۆحانی جەختی کردەوە لەوەی ئێران بە توندی دژی ڕیفراندۆمەکەیە کە وەک دەڵێت جێی مەترسیـیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و هەڕەشەیەک دەبێت بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.

عەبادی وتی هەڵوێستی حکومەتەکەی ڕوون و ئاشکرایە سەبارەت بە ڕیفراندۆمەکە و هەموو ڕێوشوێنێکیش دەگرێتە بەر بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ڕێوشوێنێکی یەکلایەنانە و نادەستووریی کە ببێتە هۆی هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی عێراق.

هاوکات سەلیم ئەلجبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق شەوی یەکشەممە لە چاوپـێکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە گوتی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە هەرچیەک بێت هیچ قورسایـیەکی یاسایی نابێت و دامودەزگا فیدراڵیـیەکان لە هەرێم هەر لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی دەمێنەوە.

XS
SM
MD
LG