Accessibility links

فەرماندەى هێزە کاکەییەکەى حەشدى شەعبى بۆ دەنگى ئەمەریکا دەدوێت


حکومەتى عێراق رەزامەندى لەسەر گەڕانەوەى 263 ئەفسەرى کورد بۆ فەرمانگەکانیان دەربڕى، کەپێشتر بەهۆى روداوەکانەوە لەکەرکوک هەڵاتبوون، هاوکات هێزێکى حەشدى شەعبیش بۆ کاکەییەکانى باشورى کەرکوک پێکهێنرا.

ئومێد حسێن فەرماندەى فەوجە کاکەییەکەى حەشدى شەعبى ، پێکهێنانى هێزە کاکەیەکەى حەشدى بەگرنگ بۆ دەنگى ئەمەریکا وەسفکرد، ئاماژەى بەوەکرد مەرجى ئەوان بۆ حکومەتى عێراق ئەوەبووە کە تەنها ئەرکى پاراستنى گوندە کاکەیى نیشینەکان لەئەستۆ بگرن، بەشدارى هیچ شەرێک نەکەن گەر لەنێوان عێراق و هەرێم رووبدات.

وتیشى"فەوجەکە کاکەییەکەى حەشد لە 300 چەکدار پێکدێت و بۆ پاراستنى کوردەکانى باشورى کەرکوک گرنگە لەمکاتەدا، کە هیچ هێزێکى کوردى لەناوچەکەدا نەماوە."

لەلایەکى تریشەوە بریارە سەرجەم ئەو ئەفسەر و پۆلیسە کوردانەى کەرکوکیان جێهێشتووە بۆ سەر کارەکانیان بگەرێنەوە.

عەقید ئەفرسیاو کامیل وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کاتێک وەزیرى ناوخۆى عێراق سەردانى کەرکوکى کردووە، رەزامەندى نیشانداوە بۆ گەرانەوەى ئەو ئەفسەر و پۆلیسە کوردانەى کە بەهۆى روداوەکانەوە کەرکوکیان جێهێشتووە."

وتیشى"تائێستا هیچ ئەفسەرێکى کورد لەپۆستەکەى لانەبراوە، بەڵام ئەوانەى رۆیشتون جێگرەکانیان بەکاتى خراوەتە جێگەکانیان."

دواى کۆنترۆڵکردنى کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە، هێزە کوردیەکان زۆربەى ناوچەکانیان بەجێهێشتوە و هیچ رۆڵێکیان نەماوە، ئەمەش وایکردووە عێراق هەندێک هەنگاوى تاکلایەنە و بێ رەزامەندى کورد بنێت.

XS
SM
MD
LG