Accessibility links

گۆڕێکی بە کۆمەڵی قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە نوگرەت سەلمانی سەماوە هەڵدرایەوە


دەسەڵاتدارانی عێراق گۆڕێکی بە کۆمەڵی سەردەمی سەدام حسێن دیکتاتۆری پـێشووی عێراقیان هەڵداوەتەوە کە ئێسک‌وپـروسکی زیاتر لە 70 کەسی تێدایە، لەوانە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.

دکتۆر زەید ئەلیوسف بەڕێوەبەری پـزیشکی دادوەری لە بەغدا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە، ئەمڕۆ سێشەممە دەستیانکردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە کە دەکەوێتە ناوچەی تەل ئەلشێخیەی نوگرەت سەلمانی پارێزگای سەماوە لە باشوری وڵات.

گوتیشی گۆڕەکە ئێسک‌وپـروسکی زیاتر لە 70 کەسی تێدایە و زۆربەیان ژن و منداڵبوون و بەپـێی بەڵگەکان لە ساڵی 1988 کوژراون. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد تەنانەت منداڵی ساوای شیرەخۆرەشی تێدایە.

ئەلیوسف لە درێژەی قسەکانی گوتیشی بۆیان دەرکەوتووە ژنەکان چاویان بەسترابووەوە و گولـلە بەسەریانەوە نراوە و لەگەڵ ئەوەش هەڕەمەکیانە گولـلە بە شوێنی دیکەی جەستەیانەوە نراوە.

هەڵکەنینە سەرەتایـیەکان چینی یەکەمی گۆڕەکەی نیشانداوە، بەڵام ڕەنگە چینی دیکەش هەبن، بۆیە کارەکان لە شوێنەکە بەردەوامن تاوەکو ژمارەی تەواوی قوربانیـیەکان ئاشکرادەبێت.

XS
SM
MD
LG