Accessibility links

چارەنووسی ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا


هەرچەندە هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ ڕێککەوتوون، بەڵام بەشێک لەبەرپرسان پێیانوایە گەر هەردوولا بەرامبەر بەیەکتری نەرمی نەنوێنن، دوای تپەڕبوونی ئەو ئەو سێ مانگە، جارێکی تر گرفتە داراییەکانی نێوانیان سەرهەڵدەداتەوە.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بەغدا مانگانە و بۆ ماوەی سێ مانگ، سەرووی 300 ملیار دینار دەداتە هەرێم، بەو مەرجەی هەردوولا لەماوەی ئەو سێ مانگەدا، لەسەر کێشە پەیوەندیدارەکانی نێوانیان بە مەسەلەی ئابووری بگەنە ڕێککەوتن.

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لەبارەی ڕێککەوتنە کاتیەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕێککەوتنەکە جۆرێک لە دژیەکی تیایە، لەسەرەتاکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی سێ مانگە، بەڵام لەکۆتایی ڕێککەوتنەکەدا، دەڵێ تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت."

وتیشی" ڕەنگە هۆکاری ئەم دژ یەکیە لە ڕێککەوتنەکە ئەوەبێ، بەغدا بیەوێ لەماوەی ئەو سێ مانگەدا، هەرێم مەرجەکانی جێبەجێ بکات، ئینجا ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ساڵ درێژە پێ بدات."

حکومەتی عێراق بۆ مانگەکانی ( 8 ، 9 ، 10) مانگانە سەرووی 300 ملیار دینار بێ مەرج دەداتە هەرێم، بەڵام دەبێت لەو سێ مانگەدا، هەرێم خواستەکانی بەغدا جێبەجێ بکات ، کە بریتین لە: ڕێککەوتن لەسەر نەوت، خاڵە سنوریەکان، ڕ‌ازیبوون بە وردبینی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، دانەوەی ئەو قەرزانەی بانکی بازرگانی عێراقی کە لای هەرێمە.

هەرچەندە هەرێم نەرمی بەرامبەر خواستەکانی عێراق نواندووە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام هەندێک لەبەرپرسانی عێراق پێیانوایە، ڕێککەوتنەکە کاتی یە و پێناچێت درێژەی هەبێت، بەو پێیەی هەرێم و بەغدا ئەستەمە مل بۆ خواستەکانی یەکتری بدەن.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لای هەرێم و بەغداش، مەیلێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت هەرێم هەمیشە جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان لەچوارچێوەی دەستور دەکاتەوە."

وتیشی"بەهۆی دۆخی نالەباری خەڵکەوە، ئێمە زوممان لەسەر لایەنی داراییە لەئێستادا، بەڵام مادەی 140، گەرانەوەی پێشمەرگە، پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، ئەو باس و خواسانەن دەبێت پێداچوونەوەیان لەچوارچێوەی دەستوردا بۆ بکرێت."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لەبەرپرسانی لایەنە عێراقیەکان، نیگەرانن لە ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەک لەنێو هەرێمی کوردستانیشدا ئیرادەیەک هەیە، دژی ملدانی هەرێمە بەتەواوی خواستەکانی عێراق.

فازڵ نەبی، ڕوونیکردەوە ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا گرنگە، چونکە هەرێم بەشێکە لەعێراق و بێ هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، ناتوانێت ئیدارەی دارایی خۆی بدات، بەغداش لەڕووی سیاسیەوە پێویستی بە هەرێمە، وتی" داهاتی هەرێم بەشی موچەی فەرمانبەران ناکات، بەغداش گرفتی دارایی هەیە، بەڵام عێراق دەوڵەت و خاوەن سەروەریە، دەتوانێت لە ناوخۆ و دەرەوەش قەرز وەربگرێت."

ڕێککەوتنە کاتیەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەکاتێکدایە، هەرێم گرفتاری دەست قەیرانی داراییە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، گرفتاری دەست کێشەکەڵەکە بووەکانی عێراق و نەیارە زۆرەکانیەتی، کە هەموویان پێکەوە هەوڵی خستنی دەدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:06 0:00


XS
SM
MD
LG