Accessibility links

لیوا هیوا ڕەش: هیچ بازگەیەکى هاوبەشمان لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەگەڵ سوپاى عێراق نیيە


فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە دەڵێت، گفتووگۆى نێوان هێزى پێشمەرگەو سوپاى عێراق لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ناوچە کێشەلەسەرەکان لەڕووى ئەمنی و سەربازیەوە بەردەوامە.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، لیوا هیوا ڕەش ئاماژەى بەوەکرد بەرێوەبردنى ناوچە کێشەلەسەرەکان پێویستى بەهەماهەنگى هەیە لەنێوان پێشمەرگەو سوپاى عێراق دا، وتى"بەپێى دەستورى عێراقیش دەبێت ئەو ناوچانە بەهەماهەنگى هەردوولا بەڕێوەببرێن."

کۆبونەوەکانى نێوان وەزارەتى پێشمەرگەو بەرگرى عێراق درێژەیان کێشاوە، هەرچەندە بەرپرسانى هەردوولا ئاماژە بە هەبوونى لێکتێگەیشتن دەکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ ئەنجامدانى هەماهەنگى و کارى هاوبەش لە ناوچە کێشە لە سەرەکان نەنراوە.

لەو بارەیەوە، لیوا هیوا ڕەش وتى"لەکۆبونەوەى نێوان وەزفدى وەزارەتى پێشمەرگە و عێراق ڕەتکردنەوە نەبووە، بۆیە هیوادارین گفتووگۆکان بەرهەم داربن."

وتیشى"وەفدى باڵاى هەرێم رۆیشتۆتە بەغدا، وەفدى پێشمەرگەو بەرگرى عێراقیش بەشدار بوون لەگفتووگۆکاندا."

زۆرجار بەرپرسانى پێشمەرگە باس لە "هەماهەنگى" لەگەڵ سوپاى عێراق دا لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەکەن، بەڵام تا ئێستا ڕوونیان نەکردۆتەوە مەبەستیان لە هەماهەنگى گەڕانەوەى پێشمەرگەیە یاخود کارى هاوبەشى سنوردارە لەگەڵ سوپاى عێراق دا.

لیوا هیوا ڕەش فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە، وتى"ناوچە کێشەلەسەرەکان لە خانەقینەوە تا شەنگال، دەبێت بەهەماهەنگى لەلایەن سوپاى عێراق و پێشمەرگەوە بەڕێوەببرێن، دەستوریش وا دەڵێت."

هەروەها وتیشى"هەماهەنگى پێویستى بەرێککەوتن هەیە، تا میکانیزمێک بۆ چۆنیەتى هەماهەنگی کردنەکە بدۆزرێتەوە."

سەبارەت بەوەى لەئێستادا پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان هیچ بازگەیەکى هاوبەشیان هەیە، فەرماندەکەى پێشمەرگە وتى"تا ئەم دەقە هیچ بازگەیەکى هاوبەشمان نیە، بەڵام تەوەرێکى گفتووگۆکان بوونى هێز و بازگەى هاوبەشە لەو ناوچانە."

لەکۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە، روونیکردەوە داعش جم و جۆڵى لە ناوچەکانى ڕۆژئاواو باشورى کەرکوک هەیە، بەتایبەت لەشەواندا هێزەکانیان بەناوچەکاندا دەسورێنەوە.

لیوا هیوا وتى"داعش تواناى شەڕى جەبهەیى نیە، بۆیە شەڕى عەسابات دەکەن، دەست لە خەڵک و هێزە ئەمنیەکان دەوەشێنن و دەڕۆن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:52 0:00

XS
SM
MD
LG