Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق بڕیار دەدات ئاڵای کوردستان لە بارەگا حزبیـیەکانی کەرکوک دابگیرێن


ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت عادل عەبدولمەهدی فەرمانی کردووە ئاڵای کوردستان لە بارەگا حزبـیـیەکانی شاری کەرکوک دابگیرێن، دەڵێت ئەمە کارێکی نادەستوریـیە.

ئۆفیسەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی سەرۆک وەزیر پەیوەندی بە سەرۆک کۆمار کردووە بەو پـێـیەی پارێزەری دەستورە و هەروەها پەیوەندی بە سەرکردە سیاسیـیە جیاوازەکانی کردووە و بڕیاری داوە ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگا حزبیـیەکانی کەرکوک دابگیرێن بەو پـێـیەی وەک دەڵێت کارێکی نادەستوریـیە.

پاشان نووسیویەتی سەرۆک وەزیر بە "برا سیاسیـیەکانی" گوتووە ئەگەر بمانەوێت ڕێز لە دەستور بگیرێت، ئەوا ڕێگەی گونجاو ئەوەیە لە دادگای باڵای دەستوری لەم بارەیەوە پـرسیاربکرێت بەر لەوەی ئەو کارەبکرێت.

بەپـێی ڕاگەیاندنی ئۆفیسەکە هەندێک لە سیاسیـیەکان لە میانەی پەیوەندیەکانیاندا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی گوتوویانە کەرکوک ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەرە و مافی خۆیانە ئاڵای کوردستانی لێ‌بەرزبکەنەوە، بەڵام عەبدولمەهدی گوتویەتی کەرکوک ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەرە لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە کە وەک لە دەستوردا هاتووە، بۆیە بەو شێوەیەی خۆی دەمێنێتەوە و ناکرێت بگۆڕدرێت هەتا ئەو کاتەی بەپـێی دەستور بابەتەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

جێی ئاماژەیە بەپـێی مادەی 140 ی دەستوری عێراق دەبوایە هەتا 31 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2007 بارودۆخی کەرکوک و هەموو ناوچەکانی دیکەی ناکۆکیان لەسەرە ئاسایی بکرێنەوە و سەرژمێری ئەنجام بدرایە و ڕیفراندۆمیان لێ سازبکرایە تاوەکو دانیشتوانەکانیان بڕیار بدەن ناوچەکانیان بچنە سەر هەرێمی کوردستان یان نا.

XS
SM
MD
LG