Accessibility links

مشت‌ومڕەکان لەسەر ریفراندۆم بەردەوامیان هەیە


گەرچى زۆربەى لایەنە کوردیەکان پشتگیرى ئەنجامدانى ریفراندۆمیان کرد و بەشداربوون لە ئەنجام دانیدا، بەڵام کاردانەوەى وڵاتانى نێو دەوڵەتى و ئیقلیمى و هێرشى عێراق بۆ سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، وایکرد بەشێک لەلایەنەکان لێى پاشگەز ببنەوە.

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆمەکەى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕى، کە لە رۆژى 25 ى ئەیلول ى ساڵى پار لە هەرێمى کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجامدراو و زۆرینەى بەشداربووان دەنگیان بۆ جیابونەوە لەعێراق دا.

کەمال کەرکوکى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێیوایە ئەوانەى پارتى بە هەڵەکردن لە ئەنجامدانى ریفراندۆم تۆمەتباردەکەن، پاساو بۆ خیانەت کردن و فرۆشتنى کەرکوک و دوز و خانەقین دەهێننەوە.

کەمال کەرکوکى، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، دەڵێت"بەپێى بریارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو گەلێک مافى خۆیەتى بریار لەسەر چارەنوسى خۆى بدات، بۆیە ریفراندۆم مافى خەڵکى کوردستان بوو."

جەختیشیکردەوە، هیچ هۆکارێک نیە کۆسپ لەبەردەم خواستى گەلى کورددا بۆ سەربەخۆیى دروست بکرێت.

دواى کۆنترۆڵکردنى کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەلایەن عێراق و هاتنە خەتى زۆربەى وڵاتان دژى ریفراندۆمەکەى هەرێم، زۆربەى لایەنە سیاسیەکان لە پشتگیرى کردنى ریفراندۆم کشانەوە و پارتى یان بە خوڵقاندنى ئاڵۆزیەکان و لەدەستدانى ناوچە کێشەلەسەرەکان تۆمەتبارکرد.

ئازاد جەبارى کادیرى دیارى یەکێتى لەکەرکوک و سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەموو دونیا دژى ریفراندۆم بوو، چونکە کاتەکەى هەڵەبوو، بۆیە ریفراندۆم کوردى هێنایەوە چوارگۆشەى سفر."

وتیشى"سەربەخۆیى خواستى هەموو کوردێکە، بەڵام تەوقیتى ریفراندۆمەکە هەڵەبوو."

ئەنجامدانى ریفراندۆم لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە لە 25 ى ئەیلولى ساڵى رابردوو، لەکاتێکدا بوو کە شەڕى داعش کۆتایى هاتبوو، پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەوپەڕى خراپى دا بوو، بۆیە هەرێم کارتى ریفراندۆمى بەکارهێنا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:56 0:00

XS
SM
MD
LG