Accessibility links

حیزبە کوردیەکان بۆ قەزاى خورماتو دەگەڕێنەوە


بەشێک لە حیزبە کوردیەکان بۆ قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین گەراونەتەوە و بەفەرمى بارەگایان کردۆتەوە، هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێراش کە حکومەتى عێراق بۆ گێرانەوەى سەقامگیرى رەوانەى قەزاکەى کردوون، بارەگاکانیان لە ماڵە کوردەکان کێشایەوە.

فەرمان عەبدوڵا بەرپرسى ناوچەى خورماتوى یەکگرتووى ئیسلامى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە وەکو یەکگرتوى ئیسلامى ، لەگەڵ کۆمەڵى ئیسلامى و بزووتنەوەى گۆڕان بارەگاکانمان لەخورماتو کردۆتەوە، کە پێشتر لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە سوتێنرابوون."

وتیشى"سەرەتا بەربەست هەبووە لەبەردەم کردنەوەى بارەگاى حیزبە کوردیەکاندا لەخورماتو، بەڵام دواتر بەگفتووگۆ کێشەکان چارەسەر کراون."

یەکێتى نیشتیمانی کوردستانیش کە پێش 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو ژمارەیەک بارەگاى لە خورماتو هەبووە و دواتر قەزاکەیان جێهێشتووە، لە ئێستادا ئەوانیش سەرقاڵى ئامادەکارین بۆ کردنەوەى بارەگا لەو قەزایە.

مەلا هاوار شافیعى کەسایەتى کوردى خورماتو، ئاماژەى بەوەکرد هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا بارەگایان لە نێو ماڵە کوردەکاندا دانابووە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر داواى زانایانى ئاینى و کەسایەتیە کوردەکان چەندین خانوى کوردیان چۆڵکردووە، وتى"بریارە ئاوارەى زیاترى کورد بۆ قەزاکە بگەڕێنەوە."

قەزاى خورماتو کەپێشتر بەشێکى لەژێر کۆنترۆڵى کورد و بەشەکەى ترى تورکمانى شیعەى تێدابوو، لەئێستادا ئەمنیەتى قەزاکە لەلایەن هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێراى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:23 0:00

XS
SM
MD
LG