Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق بڕیار دەدات گەشتە نێودەوڵەتیـیەکان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەسـتپـێبکەنەوە


سەرۆک وەزیری عێراق بڕیاری دا گەشتە نێودەوڵەتیـیەکان بۆ هەردوو فڕۆکەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەسـتپـێبکەنەوە، ئەمەش پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان قایلبوون کۆنتڕۆڵی هەردوو فڕۆکەخانەکە ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکەن.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانەکەی دەرکرد کە لە شەش خاڵی سەرەکی پـێکهاتووە و تیایدا دەڵێت " دوابەدوای وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنەوەى هەردوو فڕۆکەخانەکە بۆ دەسەڵاتی فیدڕاڵی بە پێی دەستوور، بڕیارمان دا..."

بەپـێی بڕیارەکە بەڕێوەبەرایەتیـیەکی نوێ دادەمەزرێت بە ناوی " بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تایبەت" بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم و ئەم دەزگایە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت. فەرمانبەرانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیـیە دەبێت جلوبەرگی هێزە ئاسایشیـیەکانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی بپـۆشن.

سەعەد ئەلحەدیثی گوتەبێژی سەرۆک وەزیری عێراق لەم بارەیەوە گوتی لە چەند ڕۆژی داهاتوو بڕیارەکەی عەبادی دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەڵام گوتیشی دەستپـێکردنەوەی گەشتەکان بەندەلەسەر گەیشتنی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەکە و ڕێکخستنی کارەکان لە هەموو ڕوویەکەوە تاوەکو حکومەتی فیدراڵی ڕاستەوخۆ و لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی خۆی گەشتە نێودەوڵەتیـیەکان ئەنجام بدرێن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە حکومەتی ناوەندی عێراق لە 29 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو بڕیاری دا گەشتە نێودەوڵەتیـیەکانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ڕابگیرێن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی بۆ سەربەخۆیی سازکرا.

دەقی فەرمانەکەی سەرۆک وەزیری عێراق

پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە، بەپێی مادەی (78) لە دەستوری عێراق وە بە پێی بڕیارى ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (305) بۆ ساڵی 2017 وە لە پەرۆشیمان بۆ ئاسانکردنی گەشتی هاوڵاتیان لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، دوابەدوای وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنەوەى هەردوو فڕۆکەخانەکە بۆ دەسەڵاتی فیدڕاڵی بە پێی دەستوور، بڕیارمان دا لەسەر ئەم خاڵانە:-

1. دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تایبەت بەسەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کە تیایدا سەرپەرشتی و دەسەڵات لە ژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت، هەروەها دیاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو بەڕێوەبەرایەتیەوە و تەنسیبکردنی فەرمانبەران، رێکخستنیان و سوود وەرگرتن لەو پێکهاتانەى ئێستا هەیە لە ژێر دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت، پاش دووبارە ڕێکخستنەوە و هەیکەلیەت و پەیوەستی بە دەسەڵاتی فیدڕاڵی بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:-

ا- بەشی پاراستنی تایبەتی هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی سلێمانى و هەولێر پەیوەست دەبن بەو بەڕێوەبەرایەتییەى سەرەوە.

ب- بەڕێوەبەری بەشی پاراستن دەبێت ئەفسەر بێت وە نابێت پلەکەی لە (عەقید) کەمتر بێت و جێگرەکەشی نابێت پلەکەی لە (موقەدم) کەمتر بێت، هەردووکیان لە لایەن وەزیرى ناوخۆى فیدراڵەوە هەڵدەبژێرێن.

ج- دەبێت فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو پاپەندبن بەو پۆشاکەی دیاریکراوە بۆ هێزی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناخۆی فیدراڵ بە پێی ڕێنماییەکانی ژمارە (7) بۆ ساڵی 2014.

2. سیستەمی چاودێری (البایسز) دەبەسترێت بە سیستەمی سەرەکی لە بەغدا کە تایبەتە بە فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانی هەرێم بە هەمان ئەو شێوەیەی کە لە دەروازەکانی ترى عێراق کاری پێدەکرێت.

3. فەرمانگەکانی پاسپۆرت و جنسیە و فەرمانبەرەکانیان لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بە پـێی یاسا دەبەسترێن بە وەزارەتی ناوخۆى فیدراڵ.

4. لیژنەى هونەرى سەر بە دەستەی گشتی گومرگ سەرپەرشتی هەناردەکردن و هاوردەکردنی شتومەک دەکات لە هەردوو فڕۆکەخانەکە، پاش بەدەستهێنانی ڕەزامەندی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە هاوردەی خۆماڵی و بیانی و پشکنینی ڕەزامەندیەکان بەپێی پسپۆڕیەکان وە هەروەها بەپێی ئەو بڕیارانەى کە لە کتابی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هاتووە لە ژمارە (126) لە 9/5/2011.

5. ڕێگە دەدرێت بە گەشتە ئاسمانیە نێودەڵەتیەکان لە وە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم وە بەپێی ڕەزامەندییەکانی دەسەڵاتی ئاسمانی مەدەنی فیدراڵی پاش تەواوکردنی پێداویستیەکانى ئەم فەرمانی دیوانە، بە مەرجێک لە یەک هەفتە تێپەڕ نەبێت لەو بەروارە.

6. لیژنەیەکی باڵا پێکدێت بۆ سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێم، وە دڵنیابوون لە پاپەندبوونی بە ڕێنماییە فیدراڵیەکان، نوێنەری گشت دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ناوەند لە خۆدەگرێت وە هەرێم ڕاپۆرت بەرزدەکاتەوە بۆ فەرماندەى گشتی هێزە چەکدارەکان یان هەر کەسێکى تەخویلکراو.

دکتۆر حەیدەر عەبادی
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران

XS
SM
MD
LG