Accessibility links

ناوەرۆکى گفتوگۆکانى نێوان عەبادى و وەفدى هەرێم لەسەر بودجە و موچە


چەند ئەندامێکى ئەو وەفدانەى کە له ‌ماوەى رابردوودا سەردانى بەغدادیان کردووە بۆ قسەکردن لەسەر بودجە و موچە وە لەگەڵ عەبادى و سەرکردەکانى ترى شیعەدا کۆبوونەتەوە، بەشێک لە ناوەرۆکى گفتووگۆکانیان بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکرا دەکەن.

حەسەن جیهاد ئەندامى وەفدى سێ لایەنەکە (هاوپەیمانى دیموکراسى ، گۆڕان، کۆمەڵ) کە پێشتر چوونە بەغدا و لەگەڵ عەبادى دا کۆبونەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دواى تەواو بوونى کۆبونەوەکەمان لەگەڵ عەبادى، گەشبین بووین بەوەى لەزووترین کاتدا بودجە بنێرێت و فرۆکەخانەکان بکاتەوە، بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت گرفتى زۆر هەن."

حەسەن جیهاد، بەشێک لە ناوەرۆکى گفتوگۆکیانیانى لەگەڵ عەبادى دا بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکراکرد، ئاماژەى بەوەکرد کاتێک کۆبونەوەکەیان لەگەڵ عەبادى تەواو بووە و لە ژوورەکەى دەرچوون، عەبادى پێی وتون"خێرا موچەى فەرمانبەرانى هەرێم خەرج دەکات."

ناوبراو وتیشى"عەبادى ئەم بەڵێنەشى دواى ئێمە، لە پەیجەکەى خۆى بڵاوکردەوە."

حەسەن جیهاد، ئاماژەى بە هەڵوێستى عەبادى لەسەر خەرجکردنى پارەى جوتیارانى هەرێمیش کرد، وتى"ئەحمەدى حاجى رەشیدى پەرلەمانتارى عێراقمان لەکۆبونەوەکە لەگەڵ بوو، ئەو زۆر موناقەشەى بودجەى لەگەڵ عەبادى کرد، عەبادى پێیوت بەناوى منەوە قسە لەگەڵ لیژنەکە بکە، با پارەى جوتیاران بنێرن."

دەربارەى دەرئەنجامى بەدواداچوونەکانى کەعەبادى رایسپاردبوو بۆ قسەکردن لەگەڵ لیژنەکە تا پارەى جوتیارانى هەرێم بنێرێن، ئەحمەدى حاجى رەشید، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێشتا ناردنى پارەى جوتیاران گرفتى تێدایە، عەبادى دەیەوێت 260 ملیار دینار خەرج بکات، بەڵام پارەى جوتیاران لاى بەغدا 760 ملیار دینارە."

وتیشى"پێویستمان بەهەماهەنگى هەیە، هەرێم خۆى بێدەنگ کردووە و سەبارەت بەموچەو بودجە کۆنتاکت ناکات، دیارە دەیانەوێت دۆخەکە هەروا بروات."

دواتر حەسەن جیهاد باسى لە هۆکارى نەناردنى بودجە و موچەو خەرج نەکردنى پارەى جوتیاران کرد لەلایەن عەبادیەوە، لەکاتێکدا بەڵێنى خەرج کردنیانى بەوان دابوو، روونیکردەوە عەبادى دوو رۆژ لەمەوبەر جەوهەرى دواخستن و نە ناردنى بودجە و موماتەڵەکردنى لەماوەى ئەم سێ مانگەدا دەرخستووە، وتى"جارى وا هەیە سیاسى کە قسەدەکات، دواتر دەزانیت مەبەستى چى بووە."

بە بـڕواى حەسەن جیهاد، قسەکانى چەند رۆژى رابردووى عەبادى ئەوەى لێدەخوێنرێتەوە کە هێشتا لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست نەبووە، مەرجەکانى بەغدا جێبەجێ نەکراون.

ناوبراو وتیشى"تەفاسیل زۆرە کە بەغداو هەرێم قسەى لەسەر بکەن، هێشتا ئەو تەفاسیلانە نەرۆیشتونەتە نێو راگەیاندنەوە."

لاى خۆشیەوە ئەحمەدى حاجى رەشید، پێیوایە گرفتى گەورە لەمەسەلەى وردبینى کردنى ناوى فەرمانبەرانى هەرێم دا هەیە، وتى"لیژنەکە دۆسیەى گەندەڵى زۆرى بۆ دەرکەوتووە،

وتیشى"ئێستاش ئومێدم هەیە بەغدا موچەو بودجەى فەرمانبەرانى هەرێم خەرج بکات."

رێکنەکەوتنى هەرێم و بەغدا لەسەر موچەى فەرمانبەرانى هەرێم، لەکاتێکدایە فەرمانبەرانى هەرێم لەدۆخێکى ئابورى خراپدان و دەوامى خوێندن لەزۆربەى ناوەندەکانى خوێندنى سنورى سلێمانى دا وەستاوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:18 0:00

XS
SM
MD
LG