Accessibility links

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیاندنێک لە بارەی داخستنی کەناڵی NRT بڵاودەکاتەوە


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی" پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە عێراق"، تیایدا پـشتیوانی لە ئازادی ڕادەڕبڕین کردووە و نیگەرانی دەربڕیوە لە بەرامبەر بەکارهێنانی هێز یان ترساندن بۆ سنووردارکردنی کاری هەندێک لە میدیاکان، بە تایبەتی ئەوەی شەوی سێشەممە لە سلێمانی کرایە سەر کەناڵی NRT.

دەقی ڕاگەیاندنەکە:

پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە عێراق

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین دەکات لە عێراقدا وەک کۆڵەکەی پێکھێنەری بنەمای دیموکراسی وڵاتەکەیە، ھەروەک چۆن لە دەستوری عێراقيشدا چەسپێندراوە.

ئێمە نیگەرانین بەھۆی ئەو ڕێوشوێنانەی لەم دوایـیانە گیراونەتەبەر بۆ سنووردارکردنی کاری ھەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لە ڕێگەی ھێز یان ترساندنەوە، بە تایبەتیش ھەڵکوتانی ھێزە ئاسایشیـیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ سەر نوسینەگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی.

بە ھەمەمان شێوە نیگەران بووين بە بانگەوازی ھەندێک بەرپـرسی فیدراڵی و خۆجێی بۆ داخستنی نووسینگەکانی تەلەفیزیۆنی ئەلشەرقیە.

ئەرکی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراقە ئازادی ڕاگەیاندن بپارێزن و ڕێگە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بدەن بۆ ئەوەی پیشەکەیان بە بەرپرسیارانە بە جێبگەیەنن. ویلایەتە یەکگرتووەکان باوەڕی وایە دەنگی زیاتر نەوەک کەمتر پێویستە بۆ گەشەکردنی دیموکراسی لە عێراق و شوێنەکانی تریش لە ھەرێمەکە.

هەروەها باڵیۆزخانەکە ڕاگەیاندنێـکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکایـیانە ئاگاداردەکاتەوە کە لە هەرێمی کوردستانن، دەڵێت وریای خۆتان بن، چونکە هەر خۆپـیشاندانێکی ئاشتیانە بۆی هەیە بە خێرایی بۆ توندوتیژی بگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک تەلەفونی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت بۆ حاڵەتی کتوپڕ بەم ژمارانە پەیوەندی بە باڵیۆزخانە بکەن.

XS
SM
MD
LG