Accessibility links

حکومەتی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات بە ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنێت خوازیاری سەربەخۆیی نیـیە

  • VOA News

حکومەتی عێراق دەڵێت پابەندە بە یەکپارچەیی خاکی عێراق و داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات پابەندی دەستور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ببێت و بە ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنێت خوازیاری جیابوونەوە یان سەربەخۆیی نیـیە لە عێراق.

ئۆفیسی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاندنێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسراوە " حکومەتی عێراق جەخت لە وابەستەی خۆی بە هەڵوێستە دەسـتوریـیەکەی دەکاتەوە، ئەویش پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقە و ڕێگەگرتن لە هەر هەوڵێکی جوداخوازی، وە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست بۆ سەپاندنی دەسەڵاتە فیدراڵیـیەکان."

پاشان نووسیویەتی " جارێکی دیکە داوادەکەین پابەندی هەبێت بە دەستور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە دوایـنیان ئەوەی ئەمڕۆ دەرچوو لەبارەی ڕاڤەکردنی ماددەی (1) لە دەستور کە تیایدا جەخت لە یەکپارچیی عێراق دەکرێتەوە، وە هەموو دەسەڵاتە فیدراڵیـیەکان پابەنددەکات بە پارێزگاریکردن لەو یەکپارچەیـیە."

هەروەها دەڵێت"نیشانیشی دەدەین هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە گیراونەتەبەر لە چوارچێوەی دەستور و دەسەڵاتەکانیەوە بوون.

دواتر نووسیوەیەتی" داوا لە هەرێم دەکەین بە ڕوونی ڕایبگەیەنێت کە پابەنددەبێت بەوەی جیانەبێتەوە یان سەربەخۆ نەبێت لە عێراق، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە فیدراڵیـیە."

پـێشتر ئەمڕۆ ئیاس ئەلسامۆک گوتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەیانـنامەیەکی داگاکەی بڵاوکردەوە و گوتی دادگای باڵا لە دانیشتنی ئەمڕۆ 6 ی مانگی یازدەی ساڵی 2017 بڕیارێکی دەرکرد بۆ ڕاڤەکردنی ماددەی (1) دەستور.

گوتی دادگاکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەم ماددەیە و ماددە دەسـتوریـیەکانی دیکەی پەیوەست جەختیان لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەتەوە، وە مادەی (109) لە دەستور دەسەڵاتە فیدراڵیـیەکان ناچاردەکات ئەو یەکپارچەیـیە بپارێزن.

گوتیشی دادگاکە باسی لەوەش کردووە هیچ دەقێکی دەسـتوری نیـیە ڕێگە بە جودابوونەوەی هیچ پـێکهاتەیەک بدات.

جێی ئاماژەیە لە ماددەی (1) ی دەستوری عێراق نووسراوە"کۆماری عێراق دەوڵەتێـکی فیدراڵی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەرەوەریـیەکی تەواوە، سیستەمی حوکمڕانی تیایدا کۆماری پەرلەمانی دیموکراسـیە، ئەم دەستورەش زامنی یەکپارچەیی عێراقە."

ماددەی (109) ش دەڵێت" دەسەڵاتە فیدراڵیـیەکان یەکگرتوویی عێراق و یەکپارچەیی و سەلامەتی و سەربەخۆیی و سەروەری و سیتەمە دیموکراتە فیدراڵیـیەکەی دەپارێزن."

XS
SM
MD
LG