حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە هێزەکانی حکومەتەکەی کردووە بۆ ماوەی 24 کاژمێر هەموو چالاکیـیە لەشکریـیەکانیان لە دژی هێزەکانی پـێشمەرگە ڕابگرن، ئەمەش تاوەکو بوار بە تیمێکی تەکنیکی هاوبەشی هێزەکانی فیدراڵ و هێزەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت دەستبەجێ لە ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان بڵاوببنەوە و هەروەها لە فیشخابور و مەرزە نێودەوڵەتیـیەکان.
ئۆفیسی عەبادی ئەمەی لەسەر فەیسبوکەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئەم هەنگاوە لە پـێناو ڕێگەگرتنە لە پـێکدادان و خوێن ڕشتن لە نێوان ڕۆڵەکانی یەک وڵات.