هێزەکانی عێراق هەتا ئەمڕۆ هەینی مۆڵەتیان بە هێزەکانی پـێشمەرگە داوە لەو ناوچە سنووریـیەی لەگەڵ تورکیا بکشێنەوە کە لولەیەکی نەوتی لە عێراقەوە بەرەو تورکیای پـیادا تێپەڕدەبێت.
بەرپـرسێکی گەورەی هێزەکانی عێراق کە نەیوستووە ناوی ئاشکرابکرێت ئەمڕۆ بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوتووە چەند کاژمێرێک ماوەیان بە هێزە کوردیـیەکان داوە لە ناوچەی فیشخابور بکشێنەوە.
گوتوشیەتی لە ئێستادا شەڕەکە ڕاوەستاوە، بەڵام ناوەناوە ڕیزە تەقەیەک دەکرێت.
ئەم ئاگاهیـیەی هێزە عێراقیـیەکان بۆ پـێشمەرگە پاش ئەوە دێت کە دوێنێ پـێنجشەممە هێزەرت ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەیدا گوتی جێی شەرمە ببینن هێزە عێراقی و کوردیـیەکان شەڕی یەکتر دەکەن کە هەتا دوێنێ پـێکەوە شەڕی دژی داعشیان دەکرد.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دوێنێ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر گرژیـیەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، وە داوایان لە هەردوولا کرد لە ڕێگەی وتووێژ کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن.