Accessibility links

عەبادی: جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە هیچی دیکە قایل نین

  • VOA News

سەرۆک وەزیری عێراق بە سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان قایل نیـیە و دەڵێت جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمەکە و پابەندبوون بە دەستور هیچی دیکە قبوڵ ناکات.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر فەیسبوکەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و دەڵێت ڕیفراندۆمەکە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە شەڕی دژی داعش دەکەن و پاش ئەوە بوو کە هێزەکانیان یەکیان گرت بۆ شەڕی دژی داعش.

هەروەها نووسیویەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردبوویەوە لەوەی ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجام نەدەن بەڵام هەوڵەکانیان بۆ ئەم مەبەستە بێ سوودبوون.

پاشان نووسیویەتی ستراتیژیەتی ئێستای حکومەتەکەی ئەوەیە ئەو ناوچانە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە مەبەستی کام ناوچانەیە.

ئەم ڕاگەیاندنەی عەبادی لە کاتێکدا کە بە سەردانێـک لە ئێرانە. هەر ئەمڕۆ لە تاران بە جیا لەگەڵ هەریەک لە عەلی خامەنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی و حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران کۆبووەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی نۆی ڕاگەیاند، ئەوەی بەپـێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپـرسی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی نزیکەی 93% دەنگدەران بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی دابوو.

XS
SM
MD
LG