Accessibility links

ناوەرۆکى رێکەوتنەکەى نێوان یەکێتى و هێزە شیعیەکان بۆ بەڕێوەبردنى ئیدارەى کەرکوک


یەکێتى لەگەڵ حکومەتى عێراق دا لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى کەرکوک ڕێککەوتووە، بەپێى ناوەرۆکى ڕێکەوتنەکە پۆستى پارێزگار بە یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنیش دەدرێتە کاندیدێکى کوتلەى تورکمانى، هەروەها ناو شارى کەرکوکیش ڕادەستى پۆلیسى ئیتیحادى و ئاسایش دەکرێت.

نازم کەهیە رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەپێى رێکەوتنەکە حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق بۆ سەربازگەى کەیوان ى باشورى کەرکوک و ناوچەکانى حەویجە دەکشێنەوە."

وتیشى"پۆستە ئیداریەکانى کەرکوکیش لە نێوان پێکهاتەکاندا دابەش دەکرێت."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، ڕێکەوتنەکە لە نێوان باڵێکى یەکێتى بێ ڕازیبونى جێگرى سکرتێرى گشتى و چەند بەرپرسێکى باڵاى ئەو حیزبە ئەنجامدراوە، کە رزگار عەلى کاندیدى یەکێتى دەبێت بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک ، هەریەک لە عەلى مەهدى کاندیدى تورکمانى سونە و تەحسین کەهیە کاندیدى تورکمانى شیعە دەبن بۆ سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا لەجێگەى رێبوار تاڵەبانى، پۆستى جێگرى پارێزگاریش لاى راکان جبورى کاندیدى عەرەبى سونە دەمێنێتەوە.

پارتى و پێناچێت یەکگرتوى ئیسلامیش بەشدارى دانیشتنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکەن بۆ هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێ، بەڵام بە یەکێتى و تورکمان و عەرەبى سونەوە دەتوانن نیسابى یاسایى بۆ تەواوکردنى دانیشتنەکە کۆبکەنەوە.

ئازاد جەبارى ئەندامى کوتلەى برایەتى ( یەکێتى)، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رێککەوتن کراوە بۆ کشانەوەى حەشد و سوپا لەناو کەرکوک، بەڵام هێشتا ماونەتەوە."

وتیشى"لەرۆژانى داهاتوو بۆ دانانى رزگار عەلى بە پارێزگارى نوێ ى کەرکوک کۆ دەبینەوە."

رێککەوتنەکەى نێوان حەشدى شەعبى و لایەنە کوردیەکە لەهەندێک ناوچەى جێناکۆک چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و حەشد کشاوەتەوە، هەروەها حەشد 27 دیلەکەى کوردى لەقەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین ئازاد کرد.

عەدنان کەرکوکى وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لە کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو رێکەوتنەى کراوە رێکەوتنێکى تاکلایەنەیە و لایەنى کوردى تر تێیدا بەشدار نیە."

لە رۆژانى رابردوو هێزەکانى حەشدى شەعبى زۆربەى ناوچە کێشەلەسەرەکانیان کۆنترۆڵکرد، رەخنەى ئەوە لەلایەنێکى کوردى گیرا کە ئەو ناوچانەى بەرێککەوتن رادەستى هێزە شیعیەکان کردووە، بەو پێیەى پێشمەرگە رووبەرووى ئەو هێزانە نەبویەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:21 0:00

XS
SM
MD
LG