Accessibility links

هەرێمی کوردستان قایلبووە لەسەر بنەمای دەستوری عێراق کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات


حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق تاوەکو لەسەر بنەمای دەستوری وڵاتەکە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.

کابینەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە پاش کۆبوونەوەی لە هەولێری پایتەخت بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری، بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی پـێشوازی لە دەستپێشخەریەکەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوری عێراق و لە چوارچێوەی شەراکەت و تەواوفوق.

پاشان داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد هاوکاریـیان بکات لە دەسـتپـێکردن و بەڕێوەچوونی وتووێژەکان.

جێی ئاماژەیە حەیدەر عەبادی ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا گوتی پـرسی ڕیفراندۆم کۆتایی‌پـێهات و بوو بە مێژوو و ئێستا کاتی ئەوەیە لەسەر بنەمای شەراکەت لە یەک نیشتماندا و لە ژێر سایەی دەستور گفتوگۆبکەن. جەختی لەوەش کرد کە دەیەوت بە تەواوی دەسـتوری عێراق جێبەجێ بکرێت.

XS
SM
MD
LG