Accessibility links

فوئاد مەعسوم: بوونی پـێشمەرگە لە شاری کەرکوک نادەستوری نەبووە

  • VOA News

سەرۆکی عێراق داکۆکی لە هێزەکانی پـێشمەرگە کرد، دەڵێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو بەرگریـیان لە شوێنە ستراتیژیـیەکان پارێزگای کەرکوک کردووە و پارێزگاریـیان لێکردوون.

فوئاد مەعسوم ئەمڕۆ سێشەممە وتارێکی تەلەفیزیۆنی پـێشکەشکرد، ڕۆژێـک پاش ئەوەی هێزە عێراقیـیەکان توانیان شاری کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری کۆنترۆڵبکەن. گوتی پـێشمەرگە ڕێگەی لە داعش گرت شاری کەرکوک داگیربکات، ئەمەش لە کاتێکدا داعش چەندان پارێزگای وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد.

گوتیشی " بەردەوامبوونی ئەو چاودێرییە ئەمنییەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک لەگەڵ دەستوردا ناکۆک نەبو بەو پێیەی ئەو هێزانە بەشێکی سەرەکیین لە سیستمی بەرگریی نیشتمانی عێراق، بۆ داکۆکیکردن لە لە سەروەریی و ئاسایشی وڵات.. لە پاڵ ئەرکە سەرەکییەکانی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان."

پاشان گوتی" بەڵام ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە عێراق ناکۆکیی ترسناکی لێکەوتەوە لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە نێوان خودی هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشدا، ئەمەش وای کرد کە هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵیی راستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک."

داواشی لە خەڵکی کەرکوک کرد ڕێزبگرن لە دەسەڵاتی یاسا و دەوڵەت و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان و هەروەها داوای لە هەموو هێزە ئاسایشیـیەکان کرد بە هیچ شێوەیەک پـێشمەرگە و فەرمانبەران و دانیشتوانی کورد و غەیرە کورد ئازارنەدەن و لەگەڵ ئەوەشدا کاربکەن بۆ ڕێگەگرتن لە هەر پـێشێلکاریـیەک بکرێت. داواشی کرد کاربکرێت بۆ گەڕاندنەوەی خێرای ئەو کەرکوکیـیانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانەوە شارەکەیان چۆڵکردووە.

سەرۆکی عێراق گوتیشی لەو ماوەیەی پـێشوو هەوڵێکی زۆریان دابوو بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە بە شێوەیەکی یەکلایەنانە. داواشی کرد هەموو لایەنەکان کێشەکانیان وەلاوە بنێن و پەنابەرن بۆ وتووێژ و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسەر بنەمای دەستور و یاسا.
دەقی وتارەکەی فوئاد مەعسوم بە زمانی عەرەبی

XS
SM
MD
LG