Accessibility links

لیوا رەسوڵ: بەداخەوە بە تانکی ئەمریکی هێرشیان کردە سەرمان و پێشمەرگەش تا دوا فیشەک شەڕی کرد


پاش کۆنترۆڵکردنی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکەی جێناکۆکی دەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی و لەڕێگەی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیەوە، هێشتا بارودۆخەکە لەڕووی سیاسی و لەڕووی سەربازییەوە هێور نەبۆتەوە؛ بەڵام کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەکرێتەوە. هاوکات راستییەکانی شەڕی پێشمەرگەو پاشەکشێکان جێی گفتوگۆو پرسیاری زۆرن، دەنگی ئەمریکا بۆئەوەی راستییەکان راستەخۆ بۆ گوێگران و خوێنەرانی بگوازێتەوە، ئاسۆ جەبار وتووێژێکی لەگەڵ وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکوکی ھێزی پێشمەرگە سازکردووە، ئەو باس لەوەدەکات؛ کاتێک سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەسەنگەرەکانی پێشمەرگە لەباشووری کەرکوک نزیکبوونەوە، چوار لیوای ھێزی پێشمەرگە بەرگرییەکی زۆریان کرد، بەڵام لەبەرئەوەی شەڕێکی نابەرامبەر بوو و ھێزە عێراقییەکان ھەموو جۆرە چەکێکی قورس و پێشکەوتوویان پێبوو، بڕیاری کشانەوە دراوە.

دەشڵێت "پێشمەرگە دووجار هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراقی تێکشکاند."

هەروەها سەبارەت بە هێرشەکان لیوا رەسوڵ دەڵێت "کۆی هێرشەکان ئاگرەکەی زۆر زۆر بوو فرۆکەی تیایدا بەکارهات." هاوکات "ئاگربارانەکە بە ئەندازەیەک بوو لەتوانای ئەو هێزەی ئێمەدا نەبوو بەو فیشەکە کەمەوە رابگیرێت."

سەبارەت بە پێشمەرگەش دەڵێت "پێشمەرگەمان تا دوا فیشەک شەڕی کردووە، تا ئەوکاتەی دەبابە بەسەر سەریدا رۆیشتووە..."

دەشڵێت "بەداخەوە بە تانکی ئەمریکی هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەو موئامەرەیەکی ناوچەیش لەئارادا هەبوو."

سەبارەت بە قوربانییەکان و پاشەکشێ لیوا رەسوڵ دەڵێت "ئێمە بۆیە بڕیاری پاشەکشێماندا بۆئەوەی زەرەری زیاتر لەهێزەکانمان نەکەوێت."

هەروەها "تا ئێستا 33 شەهید نزیکەی 100 بریندارمان هەیە."

سەبارەت بە رێکەوتن و پاشەکشێ دەڵێت "ئاگامان لەڕێکەوتنی پشت پەردە نەبووە، بە فەرمی کەس بە ئێمەی نەوتووە." هاوکات "ئەم شەڕە بە بڕیار بووە و بە بڕیاریش هاتوینەتە دواوە."

دەشڵێت "ژمارەی هێزەکانی عێراق زیاد لە 50 هەزار کەس بووە، زیاتر لە 500 تانک و زۆرترین تۆپیان تەقاندووەو زۆرترین رۆکێت و موشەکی زیرەکیان بەرامبەرمان بەکارهێناوە."

لەکۆتایدا لیوا رەسوڵ دەڵێت "لەکاتی شەڕکەدا من پەیوەندیم بە سەروو خۆمەوە کرد، کەس وەڵامی نەدامەوە."

XS
SM
MD
LG