Accessibility links

وردەکارى گرژیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى له ‌کەرکوک


شەوى پـێنجشەممە لەسەر هەینی حکومەتى عێراق هێزێکى زۆرى حەشدى شەعبى و پۆلیسى فیدراڵى له ‌باشورى کەرکوک کۆکردەوە و بەنیازى جوڵەپێکردنیان بوو بەرەو کەرکوک و بیرە نەوتیەکانى دەوروبەرى ، پێشمەرگەش بۆ بەرەنگاربونەوەیان خرانە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

محەمەدى حاجى مەحمود سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزەکانى عێراق بەنیازى کۆنترۆڵکردنى کەرکوک و بیرە نەوتیەکان بوون، بەڵام کۆکردنەوەى ئەو هێزە زۆرەى پێشمەرگە لەکەرکوک لەپلانەکەیان پاشگەزى کردنەوە."

بەپێى وتەى شێخ جەعفەر مستەفاى فەرماندەى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە، فەرماندەکانى حەشدى شەعبى شەوى رابردوو داوایان لە وەستا رەسوڵى فەرماندەى پێشمەرگە کردووە بیرە نەوتیەکان و کەرکوکیان رادەست بکات و لەحاڵەتى جوڵەکردنیان بەرەنگاریان نەبێتەوە، بەڵام ناوبراو داواکەى رەتکردونەتەوە.

حەشدى شەعبى و پۆلیسى فیدرالى هێزەکانیان لەناحیەى تازە خورماتوى 10 کم باشورى کەرکوک کۆکردبویەوە و پێشمەرگەش هێزێکى گەورەى بردبویە نێو کەرکوک و دەوروبەرى و خۆیان بۆ بەرگرى ئامادەکردبوو، لەگەڵ دروستبونى گرژیەکانیشدا، فرۆکەکانى هاوپەیمانان بەئاسمانى ناوچەکەدا دەسورانەوە و چاودێرى دۆخەکەیان دەکرد، ئەمەش بەپێى وتەى محەمەدى حاجى مەحمود.

ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، دەڵێت"بریارى عێراق وایە کە پێشمەرگە لەو دەوروبەرى کەرکوک دەربکەن و هێزى عێراقى تێدا جێگیربکەن."

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ و دواى گرژیەکانى شەوى رابردوو، ئەمڕۆ هێزەکانى پێشمەرگە بەدرێژى 18 کم لەباشورى کەرکوک کشانەوە و هێزەکانى حەشدى شەعبى چوونە جێگەکانیان.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوکى پێشمەرگە، کشانەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى بە تاکتیکى سەربازى وەسفکرد، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هیچ شەرێک رووینەداوە تا لەژێر فشاردا کشابینەوە."

لاى خۆشیەوە عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى لەکەرکوک و خورماتو، کشانەوەى پێشمەرگەى لەهەندێک ناوچەى کەرکوک و جێگیربوونەوەى هێزەکانى حەشدى شەعبى لەجێگەکانیان بەرێککەوتن ناوبرد، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بریارى سەرۆک وەزیرانى عێراق وایە کە شەڕى کورد نەکەین."

لە ئێستادا بارودۆخى دەوروبەرى شارى کەرکوک هێور بوەتەوە، بەڵام هێزەکانى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە دەوروبەرى کەرکوک و بە تایبەت لە باشورى کەرکوک ماونەتەوە و لە حاڵەتى ئامادەباشیدان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:26 0:00

XS
SM
MD
LG