Accessibility links

لێدوانی بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لە کەرکوک لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و کەرکوک


بەرپرسانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ڕەتیدەکەنەوە کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی نیازی هێرشکردنە سەر کەرکوک و پێشمەرگەیان هەبێت.

وەستا ڕەسوڵ بەرپرسی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری چواری باشوری کەرکوک لە میانی بەشداری کردنی لە بەدواداچونێکی دەنگی ئەمریکادا ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشد یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە کە پێکەوە ڕوبەڕووی دەبنەوە کە ئەویش داعشە، نەک هێرش بکەنە سەریەکتر و شەڕی یەکتر بکەن.

بەرپرسی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری چواری باشوری کەرکوک وتیشی وەک میحوەرەکەیان هەستیان بەهیچ جموجۆڵێکی نامۆی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سنورەکانی کەرکوک نەکردووە.

لە بەرامبەردا سەید عەلی حسێنی وتەبێژی حەشدی شەعبی لە کەرکوک لەمیانی بەدواداچونەکەی دەنگی ئەمریکا، ڕەتی کردوە سوپای عیراق و حەشدی شەعبی نیازی هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و کەرکوکیان هەبێت.

لەوبارەیەوە وتی ئەوە پڕوپاگەندەیەکی درۆیە، بەهیچ جۆرێک حکومەتی عیراقی نیازی نیە هێرش بکاتە سەر کەرکوک ،مەبەستیش لەمە تەنها دروستکردنی ترسە بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک و دەوروبەری، بۆچی دەبێت سوپای عیراقی هێرش بکاتە سەر کەرکوک مەگەر کەرکوک بەشێک نیە لەعیراق؟! وە هۆکار چیە لەو هێرشە؟!

وتیشی سەبارەت بە حەشدی شەعبیش بەهیچ جۆرێک حەشد دەست وەرناداتە ئەو کاروبارانە و ئێستا ئەرکی حەشد بەتەنها پاراستن و پارێزگاری کردنە لە هاوڵاتیان لەناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش لە حەویجە و دەوروبەری حەویجە و کەرکوک.

دوێنێ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، لە تویتێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە "پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەکان و لەناویاندا پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی پێدەگات، کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کەرکوک و باکوری موسڵ لە کوردستان."

وەستا ڕەسوڵ باس لەوەدەکات پەیامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بۆ ئەوان جێی سەرسوڕمان بووە و ئاگاداری هیچ جموجۆڵێک نین بەرامبەر پێشمەرگە لەلایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبیەوە کرابێت.

بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو کە بەشێک لەچاودێران پێشبینی ئەو گرژییانەیان کردبوو.

ئایا سوپای عیراق و حەشدی شەعبی دوای ڕیفراندۆم هیچ جموجۆڵێکیان لەسنوری کەرکوک کردوە، بەرپرسانی پێشمەرگە دەڵێن. بەهیچ جۆرێک هەستیان بەجموجۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە و کەرکوک نەکردوه.

وەستا ڕەسوڵ وتیشی:سوپای عیراق و حەشدی شەعبی تەنها ئەو جموجۆڵانەیان هەیە کە دژ بە چەکدارانی داعش ئەنجامی دەدەن

هەروەها وتەبێژی حەشدی شەعبی لە کەرکوک دەڵێت پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش هەرێمی کوردستان بەچەنین قەیران و کێشەدا تێدەپەرێت ئەوە گواستنەوەی ئەو کێشانەیە لەناوخۆی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی کوردستان و لەهەمان کاتدا پڕوپاگەندی هەڵبژاردنە بۆ کەسێکی دیاریکراو.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای کوردستان کەنەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بۆ دەنگی ئەمریکا بابەتی بونی مەترسی و هەڕەشە لەسەر کەرکوک یارییەکی ئێرانیە.

بەڵام بەرپرسە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە وەڵامی خۆیان هەیە لەوبارەیەوە

لەوبارەیەوە سەید عەلی حسێنی ووتەبێژی حەشدی شەعبی لە کەرکوک پەیوەندی ئێران و کورد پەیوەندییەکی زۆر باشە، ئەم قسانەش هیچ نیە جگە لەپڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ کەسێکی دیاریکراو نەبێت، هەموان دەزانن پەیوەندی کورد لەگەڵ ئێران و تورکیا هی چەندین ساڵە نەک نوێ بێت سەبارەت بە ئێمە.

XS
SM
MD
LG