Accessibility links

ئارێز عەبدوڵا: گەیشتینە ئەنجامی هۆکاری دانەنانی ئاڵای عیراق لەسەر تەرمی مام جەلال


جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لەلایەن بەشێک لە لایەنە سیاسی و کەسایەتیـیەکانی عێراقەوە بە کۆڵەکەی ئاسایش(صمام الأمان) ناویان دەبرد، بەڵام لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمەکەی، بە هۆی ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لەلایەنە عێراقیەکان ناڕەزایـیان دەربڕی.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو پاش گەڕانەوەی تەرمی (مام جەلال)بۆ هەرێمی کوردستان لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە تەرمەکەی بە ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە بۆ گۆڕستان بەڕێکرا، ئەوەی لە ناوخۆی کوردستان بۆ بەشێک بەدەسکەوت و سەروەری سەربەخۆیی کوردستان پێناسەکرا، بەڵام لەسەر ئاستی عیراق بە ئیستفزازی عیراقیەکان لەلایەن بەشێکەوە خوێندنەوەی بۆ کرا.

ڕۆژی مەراسیمەکە حەیدەر مولا یەکێک لەسەرکردەکانی لیستی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند ژمارەیەک پەرلەمانتار پاش گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بینینی تەرمی تاڵەبانی بە ئاڵای کوردستانەوە لەبری ئاڵای عیراق بەهەمان فڕۆکە پاش نیو کاتژمێر گەڕاونەتەوە بەغدا و بەشدرای مەراسیمەکەیان نەکردووە.

مولا دانەپۆشینی تەرمی تاڵەبانی کە سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق بوو بە شکستی پرۆتۆکۆلی ناوبرد.

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە پەرلەمانی عیراق کە جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی ئەو حیزبەیە نەبوونی ئاڵای عێراق لە مەراسیمەکەدا نیگەران کردووە و داوای لێکۆڵینەوەیان لە مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان کرد لەو ڕوەوە.

ئارێز عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچونمان لە مەکتەبی سیاسی حیزبەکەمان کرد لەسەر دانەنانی ئاڵای عیراق و وەڵام دراینەوە بۆمان دەرکەوت هەڵەیەکی پرۆتۆکۆلی بووە.

وتیشی ئەگەر هەڵەکە بە مەبەست بوایە ئەوا سرودی نیشتمانی عێراقی لێنەدەدرا لە پێشوازی تەرمەکەدا، وە ئاڵای عیراق لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە نەدەبوو کە تەرمی مام جەلالی گواستەوە.

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پادشایی لە چارەکی یەکەمی سەدەی ڕابردوو لە عێراق و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لە پادشاییەوە بۆ کۆماری بۆ یەکەم جاربوو کوردێک پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵی(٢٠٠٥) وەربگرێت، وە بۆ یەکەم جاریش بوو لە مێژووی عێراقدا سەرۆک کۆمارێک بە مردنی ئاسایی مردبێت و ئەوانی دیکە یا لە کودەتای سەربازی کوژراون یاخود وەک سەدام حسێن بە فەرمانی دادگا لە سێدارە درا.

ئارێز عەبدوڵا کە جگە لەوەی سەرۆکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە هەمانکاتدا ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەیەتی، ئەو وتی "بەبۆچونی خۆم جگە لەوەی دانەنانی ئاڵای عێراق لەسەر تەرمی مام جەلال هەڵەیەکی پرۆتۆکۆلی بوو لە هەمانکاتدا مام جەلال بە تەنها ڕەمزی کورد نیـیە، بەڵکو ڕەمزی هەموو عێراقیەکانە."

وتیشی "بابەتەکە لەلایەن هەندێک لەلایەنە عەرەبیە شۆڤێنیەکانەوە زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەتر کرا و لای هەندێکی تریشیان نیگەرانی کەوتەوە."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتی کردەوە کە یەکێتی لەژێر فشاری لایەنی تردا ئاڵای عیراقی دانەنابێت و وتی "جگە لە هەڵەی پرۆتۆکۆلی هیچ هۆکارێکی تر نەبوە و ئەوە ڕاست نیە کە لایەنی تر فشاری لە یەکێتی کردبێت بۆ دانەنانی ئاڵای عیراق لەسەر تەرمی مام جەلال."

XS
SM
MD
LG