Accessibility links

دادگایەکی عێراق فەرمانی دەسـتگیرکردنی ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەدات


دادگایەکی عێراق فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپـرسی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە، ئەمەش بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی وڵاتەکە.

بەپـێی ماڵپەڕی دادگای باڵا، عەبدولسەتار بەیرەقدار گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری گوتویەتی دادگای لێکۆڵینەوەی (ڕسافە لە بەغدای پایتەخت) فەرمانێکی دەرکردووە بۆ دەسـتگیرکردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەو کۆمسیۆنەی هەستاوە بە سەرپەرشتیکردنی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان."

گوتوشیەتی فەرمانەکە لەسەر ئەو سکاڵایە دراوە کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی پـێشکەشکراوە لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە سەرەڕای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێـکی لە دژی دەرکردبوو.

هەروەها گوتویەتی بەپـێی ماددەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەسـتگیرکردنی ئەو فەرمانبەرانە دراوە.

جێی ئاماژەیە 17 ی مانگی نۆ، واتە 8 ڕۆژ پـێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە، دادگای باڵای عێراق فەرمانێکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم پابەندی ئەو بڕیارە نەبوو.

ئەگەربێت و هەر فەرمانبەرێکی حکومەت تۆمەتەکانی نێو ماددەی 329 ی بەسەردا ساغبێتەوە، ئەوا ڕەنگە هەتا 5 ساڵ زیندانی بکرێت یان غەرامە بکرێت و یانیش هەردوو سزاکە بدرێت.

XS
SM
MD
LG