Accessibility links

حکومەتی بەغدا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان


حکومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانەی کردووە کە پـێشتر لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان داونی لە ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمەی لە کۆتایی مانگی نۆ سازیکرد.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بەیانـنامەیەکی لە بارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەنجومەنەکە تاووتوێی بڕیارەکانی پێشووی خۆی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمەش لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی سازکرا.

دەشڵێت بڕیاری نوێیان داوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەرێم و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان. بەپـێی بەیانـنامەکە ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنەکە لە دژی خەڵکی کورد نیـیە بەڵکو بۆ بەرژەوەندیـیانە.

پاشان نووسیویەتی ئەنجومەنەکە بەدواداچوونی کردووە بۆ ئەو سکاڵایانەی داواکاری گشتی بەرزی کردوونەتەوە لە دژی ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت کە لە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمەکەیان ئەنجامدابوو. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لیستێکیان بە ناوی ئەو فەرمانبەرانە ئامادەکردووە.

ئەنجومەنەکە بەدواداچوونیشی کردووە بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی تیمی گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانەکانی عێراق کردوویانە بۆ حساباتەکانی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی هەرێم، ئەوانەی پارەی هەناردەکانی نەوت دەچێتە سەر حسابەکانیانەوە.

ئەنجومەنەکە کە کۆبوونەوەکەی بە سەرۆکایەتی عەبادی ئەنجام دابوو، بڕیارشی داوە تۆڕەکانی پەیوەندی تەلەفۆنی مۆبایل بکەونە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی و بۆ بەغدا بگوێزرێنەوە.

دواتر تاووتوێی داوای فەرمی خۆیان لە ئێران و تورکیا کردووە سەبارەت بە داخستنی خاڵە سنووریـیەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەتا ئەو کاتەی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکرێن. هەروەها هەموو مامەڵە بازرگانیـیەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ڕابگرن، بە تایبەتی هەناردەکردنی نەوت. دەشڵێت دەبێت لە مەسەلەی نەوتدا تەنیا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقدا بکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیاندنە نووسراویشە بڕیاری دیکەش لەم بارەیەوە دراوە، بەڵام ئاشکرای نەکردووە ئەو بڕیارانەی دیکە چین.

جێی ئاماژەیە لە 29 ی مانگی نۆوە حکومەتی ناوەندی عێراق گەشتە نێودەوڵەتیـیەکانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ڕاگرتووە، ئەمەش وەک بەشێک لەو بڕیارانەی لە دژی هەرێمی کوردستان داویەتی لە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی لە 25 ی مانگی نۆدا بۆ سەربەخۆی سازکرا.

XS
SM
MD
LG