Accessibility links

گەشتە نێودەوڵەتیـیەکان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ڕادەگیرێن


پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوون هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی عێراق بکەن، بۆیە بڕیاردراوە لە سبەی هەینیەوە هەموو گەشتە نێودەوڵەتیـیەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەکە ڕابگیرێن.

تەلار ساڵح بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر لە کاژمێر 6 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی گەشتە نێودەوڵەتیـیەکان لە فڕۆکەخانەکە ڕادەگیرێن.

هەروەها زۆربەی ئەو هێڵە ئاسمانیانەی گەشتیان بۆ ئەم دوو فڕۆکەخانەیەی هەرێم هەیە ئاگاداریـیان لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.

فڕۆکەخانەی هەولێرش ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە و هەواڵەکەی تیادا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا کێشەکە چارەسەربکرێت.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستێک لە بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەوانی سیڤیلی عێراق بۆ فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند لە پاش تەواوبوونی مۆڵەتی 3 ڕۆژەکەی حکومەتی ناوەندی بە هەرێمی دابوو، ئاسمان بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتیـیەکانی هەردوو فڕۆکەخانە دادەخرێن. گوتیشی هەموو کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیان ئاگادارکردووەتەوە.

هاوکات ئەمڕۆ پـێنجشەممە ژمارەیەکی زۆری بیانی هەرێمیان جێهشتووە، ئەمەش لە ترسی ئەوەی نەکا ڤیزەکانی لە لایەن هەرێمەوە پـێیان درابوو لە لایەن بەغداوە دانی‌پـیادا نەنرێت.

XS
SM
MD
LG