Accessibility links

حەشدى شەعبى: هێزە عێراقیەکان بەرەو کەرکوک ناوچە کێشەلەسەرەکان جوڵەیان پێدەکرێت


وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە دواى بریارەکەى پەرلەمانى عێراق بۆ ناردنى هێز بۆ کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، هێزە عێراقیەکان بەرەو ئەو ناوچانە جوڵەیان پێدەکرێت، بەرپرسێکى ئەمنى کوردیش دەڵێت"رێگە بەهێزە عێراقیەکان نادەین لەکەرکوک نزیک ببنەوە و ناشمانەوێت رۆڵەى عێراق، بەدەستى کورد شەهید بکرێت."

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزە عێراقیەکان بەرەو ئەو ناوچانە جوڵەیان پێدەکرێت کە پێش شەڕى داعش تێیدا بوون، چونکە بریارەکە پەرلەمان داویەتى و بووەتە یاسا."

وتیشى"حەشدى شەعبى سەرقاڵە بەشەڕى داعشەوە، بۆیە سوپا و هێزە جیاجیاکانى تر بەرەو ناوچە کێشەلەسەرەکان جوڵەیان پێدەکرێت."

لەدانیشتنى ئەمرۆى پەرلەمانى عێراق دا، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق پابەند کرا بە ناردنى هێز بۆ کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەکاتێکدا هێزێکى زۆرى پێشمەرگە لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە و مەترسى سەرهەڵدانى شەڕ و ئاڵۆزى لەئارادایە.

ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، داواى لە هێزە عێراقیەکان کرد لەکەرکوک نزیک نەبنەوە، چونکە نایانەوێت بەدەستى رۆڵەکانى کورد لەناو ببرێن، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رێگە بەهیچ هێزێکى عێراقى نادەین لەکەرکوک نزیک ببێتەوە."

بریارەکەى پەرلەمانى عێراق بۆ ناردنى هێز بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان بەشێکە لەکاردانەوەکان بەرانبەر بە ریفراندۆمى هەرێم کە رۆژى 25 ئەیلول ئەنجامدرا، کە هەر لەو چوارچێوەیەدا فشارى داخستنى هێڵى ئاسمانى و دەروازە نێودەوڵەتیەکانیش خراوەتە سەر هەرێم.

وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، دەڵێت"دەبێت لەبارزانیەوە تا فەرمانبەرێکى ئاسایى کە بەشدارى ریفراندۆمیان کردووە بدرێنە دادگا، چونکە خیانەتیان لەو سوێندە دەستوریە کردووە کە بۆ یەکپارچەیى خاکى عێراق خواردویانە."

پرۆسەى ریفراندۆم ، هەرێمى کوردستانى تەنها رووبەرووى فشارى حکومەتى عێراق نەکردۆتەوە، بەڵکو هەریەک لە ئێران و تورکیاش هەڕەشەى داخستنى خاڵە سنوریەکان بەڕووى هەرێمدا دەکەن و وڵاتانى نێودەوڵەتیش خوازیارن دۆخەکە ئاسایى بکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG