Accessibility links

پەرلەمانی عێراق بڕیارێـک لە دژی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات

  • VOA News

پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی لە دژی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد، ئەمەش وەک کاردانەوە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی ئەمڕۆ دووشەممە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان سازکرا.

ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرۆکایەتی سەلێم جبوری سەرۆکی پەرلەمان و بەشداری 182 پەرلەمانتار دانیشتنەکەی پەرلەمان بەڕێوەچوو.

سەرەتا ژمارەیەک پەرلەمانتار ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکە دەربڕی و بە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق ناودێرکرد. پاشان بڕیارێکیان پەسەندکرد و تیایدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەیان بە ناشەرعی ناودێرکرد.

پاشان داوایان لە حەیدەر عەبادی کرد وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕێوشوێنی دەستوری و یاسایی بگرێتەبەر بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و فەرمان بە هێزەکانی لەشکر بکات بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی هەتا 10 ی مانگی چواری ساڵی 2014 لێبوون و کۆنترۆڵی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بکەن، لەوانە کەرکوک.

لە بەشێـکی دیکەی بڕیارەکە هاتووە، دەبێت ڕێوشوێنی پـێویست بگیرێنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لە لایەن دەسەڵاتەکانی جێبەجێکار و تەشریعی و دادوەری دەرچوون، لەوانە لابردنی پارێزگاری کەرکوک. هەروەها داوا دەکات ئەو فەرمانبەرە کوردانەی بەشداریـیان لە ڕیفراندۆمەکەدا نەکردووە لە کارەکانیان بمێنەوە و پارێزگاریـیان لێبکرێت.

بڕیارەکە لە بارەی هەڵوێستی وڵاتان دەڵێت دەبێت حکومەت باڵیۆز و نوێنەری ئەو وڵاتانە بانگهێشت بکات کە لە وڵاتەکەدا نوێنەرایەتیـیان هەیە و بە ڕاشکاوانە هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەم ڕیفراندۆمە ئاشکرابکەن.

پاشان پەرلەمانی عێراق داوادەکات خاڵە سنووریـیەکانی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵین دابخرێن و هەر کەرەستەیەک لێـیانەوە بێتە ناو وڵات بە کەرەستەی بە قاچاغ هێنراو دابنرێت.

هەروەها داوادەکەن بیرە نەوتیـیەکانی کەرکوک جارێکی دیکە بگەڕێننەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی نەوت و ڕێگە بە هیچ هێزێکی سەر بە حزبە کوردیـیەکان نەدرێت کۆنترۆڵیان بکەن، وە ڕێگە نەدرێت لە ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان کۆمپانیاکانی نەوت کاربکەن و ئەگەر نا ئەوا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوای سکاڵایان لەسەر تۆماربکرێت. داواش دەکەن تەنها لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی نەوت هەناردەبکرێت.

دواتر لە بڕیارەکە داوادەکرێت پـیاداچوونەوە بە خەرجیـیە سیادیـیەکان و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی فیدراڵی بکرێتەوە، ئەوانەی بەشداریـیان لە ڕیفراندۆمەکەدا کردووە.

XS
SM
MD
LG