Accessibility links

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق: دادگای فیدراڵی فەرمانی ڕاگرتنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی دا

  • VOA News

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق ڕایگەیاند لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیز دادگای فیدراڵی بڕیاری دا ئەو ڕیفراندۆمەی چاوەڕوان‌دەکرێت لە 25 ی ئەم مانگەدا لە هەرێمی کوردستان سازبکرێت کارەکانی ڕابگیرێن و ئەنجام نەدرێت.

ئۆفیسەکە لە فەیسبوکی فەرمی خۆی ئەمڕۆ دووشەممە دەقی داواکەی بەشی یاسایی ئۆفیسی عەبادی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە دادگای فیدراڵی ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.

لە داواکەدا سکاڵا لە دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پـێشێلکردنی دەستوری عێراقە لە چەندان ماددەدا. هۆشداریش داوە لەوەی شیانی هەیە ئاکامی مەترسیداری لێبکەوێتەوە و ببێتە مایەی دابەشبوونی عێراق و دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر ئارامی خەڵکی لەم دۆخە ئاسایشی و ئابوریـیەی کە ئێستا وڵاتەکە پـیایدا تێپەڕدەبێت، وە لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئارامی ناوچەکە. بۆیە داوای ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکەن.

لە لایەکی دیکە ئەیاس ئەلسامۆک بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕاگەیاندنی دادگای فیدراڵی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند حەیدر عەبادی و بە لایەنی کەم 8 پەرلەمانتار سکاڵایان لە دژی بڕیاری ڕیفراندۆمەکە تۆمارکردووە بەوەی نادەستوریـیە، دادگاش سکاڵاکەیان پەسەندکردووە و داوای ڕاگرتنی ڕیفراندۆمەکەی کردووە.

XS
SM
MD
LG