Accessibility links

پەرلەمانی عێراق بڕیارێک بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات

  • VOA News

پەرلەمانی عێراق لە دەنگدانێـکدا بەبێ بەشداری پەرلەمانتارە کوردەکان بڕیارێـکی پەسەندکرد بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ڕیفراندۆمەی بڕیارە لە 25 ی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان سازبکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا نزیکەی 80 پەرلەمانتار داوایانکرد دەنگ لەسەر بڕیارێـک بدرێت بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەی هەرێم و گرتنەبەری ڕیوشوێنی توند، ئەمەش بووە جێی ناڕەزایی ئەندامە کوردەکان و کشانەوەیان لە دانیشتنەکە.

بەڵام پەرلەمانتارانی دیکە لە تاووتوێکردنی پـرۆژەی بڕیارەکە بەردەوامبوون و پاشان بە زۆرینەی دەنگ پەسەندیان کرد.

لە بڕیارەکە نووسراوە ئەم ڕیفراندۆمە پـێچەوانەی دەستورە کە تیادا جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق کراوەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا سەقامگیری ئاسایشی و کۆمەڵایەتی تێکدەدات، بۆیە پەرلەمانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە.

پاشان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەموو ڕێوشوێنێـکی پـێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق.

لە کۆتایی بڕیارەکە هاتووە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەستبکەن بە وتووێژێکی ڕژد بۆ چارەسەرکردنی پـرسە هەڵپەسێردراوەکان بەپـێی دەستور و یاسا.

هاوکات پەرلەمانتارە کوردەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ناو پەرلەمان بڕیارەکەیان بە نایاسایی ناودێرکرد و ڕەتیانکردەوە، دەڵێن لەسەر بنەمای تەوافوق نەبووە و هەروەها بەبێ ڕەزامەندی قەوارە کوردستانیـیەکان پەسەندکراوە.

XS
SM
MD
LG