Accessibility links

هەنگاونان بۆ دروستکردن و ناردنى هێز بۆ کەرکوک و جەلەولا


کورد رێگەدان بە دروستکردنى هێزى چەکدارى تورکمانى لەکەرکوک و رێگەدان بەگەڕانەوەى چەکدارەکانى عەشیرەتى کروی بۆ ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە رەتدەکاتەوە، کەلەلایەن بەرەى تورکمانى و حکومەتى عێراقەوە کاریان بۆ دەکرێت.

پۆلیسى پارێزگاى دیالە نوسراوى ئاراستەى ناحیەى جەلەولا کردووە بۆ گەرانەوەى 120 پۆلیسى عەشیرەتى کروى بۆ ناحیەکە، لەکاتێکدا ئەو پۆلیسانە لەلایەن کوردەوە بە پشتگیرى کردنى داعش و بەرەنگاربونەوەى پێشمەرگە تۆمەتباردەکرێن کەلەئێستادا بۆ شارى بەعقوبە هەڵاتون.

یەعقوب لهێبى ، بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"نوسراوەکەى حکومەتى عێراقیان بۆ رێگەدان بەگەرانەوەى پۆلیسەکان پێگەیشتووە."

وتیشى"ئەو 120 پۆلیسەى حکومەتى عێراق دەیەوێت بیاننێرێتەوە بۆ جەلەولا، سەرجەمیان شانبەشانى داعش شەڕى پێشمەرگەیان کردووە و دەستیان لەخوێنى پێشمەرگەدا هەیە."

لاى خۆشیەوە شێرکۆ میروەیس، بەرپرسى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى،بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەسەر ناردنى نوسراو بۆ رێگەدان بە پۆلیسە کرویەکان بۆ جەلەولا، پەیوەندیان بەحکومەتى عێراقیەوە کردووە و بریارە لەگەڵیان کۆببنەوە."

وتیشى"دواى کۆبونەوە هەڵوێستى خۆمان لەسەر بابەتەکە رادەگەیەنین ، چونکە سەرجەم پۆلیسەکان داعش بوون."

لەلایەکى تریشەوە ئیدارەى کەرکوک دروستکردنى هێزێکى تورکمانى لەناحیەى یایچى تورکمان نیشینى نزیک کەرکوک رەتدەکاتەوە، کەلەلایەن بەرەى تورکمانیەوە و بەبیانوى پاراستنى گوندەتورکمان نیشینەکان کار بۆ دروستکردنى دەکرێت.

بەپێى بەیاننامەیەک کەلەلایەن ئیدارەى کەرکوکەوە دەرکراوە، پێشمەرگە و ئاسایش ئەرکى پاراستنى سەر و ماڵى دانیشتوانى پارێزگاکەیان بە هەموو پێکهاتەکانەوە لە ئەستۆدایە ، وەکو لەبەیاننامەکەدا هاتووە" پێکهێنانى هێزى لەو شێوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشى عێراق بەگشتى و شارى کەرکوک بەتایبەتى."

هاوکات ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"جگە لەهێزى پێشمەرگە و ئەو هێزەى حەشدى شەعبى کە ئەرکیان پاراستنى شوێنە ئاینیەکانە، رێگە بەدروستکردنى هیچ هێزێکى تر لەکەرکوک نادرێت."

جم و جۆڵەکان بۆ ناردنەوەى هێز و دروستکردنى هێز لەناوچە کێشەلەسەرەکان، لەکاتێکدایە شەڕى موسڵ کۆتایى هاتووە و چاودێرانى سیاسیش پێشبینى دروستبونى ناکۆکى و ئاڵۆزى لەو ناوچانە دەکەن.

XS
SM
MD
LG