Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردسـتان: یاسای بودجەی ساڵی2017 ی عێراق لە بەرژەوەندی کوردسـتان نیـیە


حکومەتی هەرێمی کوردسـتان دەڵێت ئەو یاسای بودجەیەی هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق پەسەندیکرد هیچ لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمی کوردسـتاندا نیـیە.

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی ڕاگەیاند لە پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت.

بەپـێی بەیانـنامەکە ڕابەر سدیق بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابوری بە وەکالەت ڕاپـۆرتێـکی دەرباری یاساکە خستووەتە ڕوو و تیایدا گوتویەتی" ئەو بودجانەی بۆ هەرێمی کوردسـتان تەرخانکراون هەمیشە کەموکورتیـیان تیادا بووە و حکومەتی عێراق هەمیشە بە ویستی خۆی و بۆ مەرامی سیاسی دەسـتکاری یاساکانی تایبەت بە بودەجەی هەرێمی کوردسـتانی کردووە."

پاشان سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردووە ئەو بڕگانەی سەبارەت بە بودجەی هەرێمی کوردسـتان لە یاساکەدا هەن، هیچیان ڕوون نیـن و دیار نیـیە چۆنە و چەندە.

بەیانـنامەکە باس لەوەش دەکات قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر یاساکە دەربڕیوە و گوتویەتی دەبێت کۆبوونەوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردسـتان و فراکسیۆنە کوردستانیـیەکان ئەنجام بدرێت و تێبینیـیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەر یاسای بودجەکە بۆ ڕوون بکرێتەوە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پـێویستە ئەم بابەتە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردسـتان و حکومەتی فیدراڵی عێراق چارەسەربکرێت.

بەیانـنامەکە دەشڵێت جگە لە وەزیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردسـتان و یەکێتی نیشـتیمانی کوردسـتان، وەزیرەکانی حزبەکانی دیکەش نێگەرانی و ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر یاسای بودجەکە دەربڕیوە، لەوانە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان.

XS
SM
MD
LG