Accessibility links

لە نزیک زاخۆ هێرش دەکرێتە سەر سەربازگەیەکی لەشکری تورکیا


ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس لە زاری کاربەدەسـتێکی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر سەربازگەیەکی لەشکری تورکیا لە نزیک شاری زاخۆ.

ئاژانسەکە دەڵێت هەڤاڵ دەمهات بەرپـرسی ڕاگەیاندنی پەکەکە بۆی ڕاگەیاندوون کە زانیاریـیان هەیە ئەمڕۆ سێشەممە لە کاژمێر 8:30 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی، هێزێکی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر یەکێک لە شوێنەکانی لەشکری تورکیا لە ناوچەی "گرێ بیە" لە نزیک زاخۆ لە ناو خاکی عێراق.

گوتوشیەتی بەپـێی زانیاریـیەکان تانکێکی لەشکری تورکیا تێکشکاوە و ژمارەیەک سەرباز کوژراون.

لە لایەکی دیکە گەواهیدەران لە ناوچەکە بە فڕانس پـرێسیان گوتووە هێرشەکە بۆ ماوەی 2 کاژمێر بەردەوامبووە و شەڕە تەقەیەکی زۆر بووە، بۆیە پـێـیان وایە زیانی گیانی هەبن. گوتوشیانە پاش هێرشەکە لەشکری تورکیا بۆردومانی ناوچەکەی کردووە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

بەپـێی لێدوانی خەڵکی ناوچەکە، سەربازگەیەکی گەورەی لەشکری تورکیا لە ساڵی 1995 وە لەو ناوچەیە هەیە، ئەمەش یەکەم جارە هێرشی لەو جۆرە بکرێتە سەر هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراق کە لەوەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە 18 بنکەی سەربازیـیان لەوێ هەیە.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چەند جارێک داوای کشانەوەی ئەو هێزانەی کردووە.

سەرچاوە/ فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG