Accessibility links

کورد و شیعە لە خورماتو یەکترى تاوانبار دەکەن


بەسەدان ماڵى کورد لەقەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین تاڵانکراوە و سوتێنراوە و تەقێنراوەتەوە، هێزە کوردیەکان پێیانوایە حەشدى شەعبى بەپلان ئەو کارەى ئەنجامداوە، وتەبێژى حەشدیش دەڵێت"شەڕ زیانى لێدەکەوێتەوە."

عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى لەقەزاى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو ماڵ و خانوانەى کە لەخورماتو سوتاون بەهۆى شەڕ و هاوەنەوە زیانیان بەرکەوتووە."

وتیشى"هاوەن بەر ماڵەکەى منیش کەوتووە و توشى زیان بووم."

لەبەرانبەردا حەسەن بارام جێگرى مەڵبەندى حەمرین ى یەکێتى، قسەکانى وتەبێژەکەى حەشدى بەتوندى رەتکردەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هیچ ماڵێکى کورد لەکاتى شەڕدا زیانى بەرنەکەوتووە، بەڵکو دواى جێهێشتنى قەزاکە لەلایەن هێزە کوردیەکان و دانیشتوانەکەیەوە، ئەوان بەبەرنامە تاڵانکردن و دزین و سوتاندنى ماڵانیان دەستپێکردووە و تادوێنێش پرۆسەکە بەردەوام بووە."

وتیشى"گەر ئێمە لەشارەکەدا بوایەین و شەڕ بووایە، ئەوان نەیاندەتوانى بێنە نێو گەڕەکە کوردیەکانەوە و خانو و ماڵ بسوتێنن و تاڵانى بکەن."

جگە لەرێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان کە پێشێلکارى هێزە شیعیەکانیان لەقەزاى خورماتو راگەیاندووە، ئەمرۆش مەکتەبى سیاسى یەکێتى لەبەیاننامەیەکدا ئیدانەى دەستدرێژیەکانى میلیشیا شیعەکانى لەخورماتو کردووە.

بەڵام عەلى حسێنى، ئەنجامدانى پێشێلکارى رەتکردەوە، وتى"هاوڵاتیانى کوردى سڤیل دەتوانن بگەرێنەوە خورماتو، تەنها ئەوانە نەبێت کە تاوانیان ئەنجامداوە."

لاى خۆشیەوە حەسەن بارام، جەختیکردەوە کە تائێستاش پرۆسەى تاوانکارى و تاڵانکردن لە خورماتو بەردەوامى هەیە.

قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین، یەکێکە لەو ناوچانەى زۆرترین مشت و مڕ و پێکدادانى لەرابردوودا لەنێوان کورد و هێزە شیعیەکان تێیدا روویداوە و بەسەدان کەسیان لەیەکترى کوشتووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:05 0:00

XS
SM
MD
LG