کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی فلایدوبەی ئیمارات دەڵێت جارێکی دیکە گەشتە نێودەوڵەتیـیە ڕاستەوخۆکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەسـتپـێدەکاتەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئیمارات ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی ڕایگەیاند و دەڵێت غەیث ئەلغەیث سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای فلایدوبەی لەم بارەیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە و گوتویەتی لە پاش 3 ساڵ جارێکی دیکە گەشتە نێودەوڵەتیـیە ڕاستەوخۆکانیان لە دەوڵەتی ئیماراتەوە بەرەو سلێمانی دەسـتپـێدەکەنەوە. گوتوشیەتی لە ساڵی 2010 وە گەشتەیان بۆ سلێمانی هەبووە و بۆیان دەرکەوتووە داواکاریـیەکی زۆر لەسەر ئەو هێڵە هەیە. هیواشی خواستووە زیاتر پەرە بە کارەکانیان لە عێراقدا بدەن.
بەپـێی کۆمپانیاکە لە 10 ی مانگی پـێنجەوە گەشتەکانیان دەسـتپـێدەکەنەوە و سەرەتا 2 گەشت لە هەفتەیەکدا دەبێت و پاشان لە مانگی شەشەوە زیادەکرێت بۆ 3 گەشت لە هەفتەیەکدا. هەروەها دەڵێت لە بینای ژمارە 2 ی فڕۆکەخانەی دوبەی نێودەوڵەتی کارەکانی ڕۆیشتن و هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
جێی ئاماژەیە پـێشتر تورکیا ڕەتیکردەوە گەشتە نێودەوڵەتیـیەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەسـتپـێبکاتەوە بە تۆمەتی ئەوەی ئەو پارێزگایە یارمەتی پەکەکە دەدات.