Accessibility links

هێزێکى پێشمەرگە بۆ دەوروبەرى قەزاى خانەقین گەڕایەوە


دواى رێکەوتنى نێوان بەرپرسانى یەکێتى لەخانەقین و فەرماندەى پرۆسە سەربازیەکانى دیالەى حکومەتى عێراق، هێزێکى پێشمەرگە گەرایەوە بۆ بارەگاى میحوەرى گەرمەسێر لەدەوروبەرى قەزاى خانەقینى پارێزگاى دیالە.

عەمید روکن نەجمەدین عومەر فەرماندەى لیواى 3 ى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەپێى رێکەوتنێکى نێوان مەڵبەندى خانەقین و فەرماندەى پرۆسە سەربازیەکانى دیالە، بەشێک لە هێزى پێشمەرگە گەڕاونەتەوە بۆ ناو میحوەرى گەرمەسێر لە دەوروبەرى خانەقین."

وتیشى"تائێستا هیچ رێکەوتنێکى تر نەکراوە بۆ گەرانەوەى پێشمەرگە بۆ ناو خانەقین، بۆیە پێشمەرگە بۆ ئەو قەزایە نەگەراوەتەوە."

لاى خۆشیەوە زاهد تاهیر ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، ئاماژەى بەوەکرد قەزاى خانەقین وەکو ناوچەکانى تر کێشەى نەتەوەیى لەسەر نیە، بەو پێیەى زۆرینەى دانیشتوانى ناو قەزاکە کوردن و بەغداش نکۆڵى لەکوردبوونى خانەقین ناکات.

ناوبراو بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"حکومەتى عێراقى تەنها نیگەران بووە لەوەى بەرێوەبەرى گشتى یان بەرپرسانى عێراق پێشتر کاتێک سەردانى خانەقینیان کردووە، لەبازگەکان داواى ناسنامە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، کەئەوان ئەمە بە ئازاردان لێکدەدەنەوە."

بەپێى وتەى ئەندامەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، پێشتریش بریارنەبووە هێزى پێشمەرگە لەخانەقین و دەوروبەرى بکشێنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى لیواى 3 کەلەو ناوچەیە بوون لە لیوا تێکەڵەکانى یەکێتى و پارتین و پارتى هێزەکانى خۆى کێشایەوە، بۆیە پێشمەرگە ناوچەکەى جێهێشت.

رۆژى 17 ى مانگى رابردوو هێزەکانى پێشمەرگە لەخانەقین و دەوروبەرى کشانەوە و هێزەکانى حەشدى شەعبى چوونە نێو قەزاکە، کەدواتر خۆپیشاندان دژى حەشد ئەنجامدراو ژمارەیەک کوردى خانەقینى کوژران و برینداربوون.

XS
SM
MD
LG