Accessibility links

وتەبێژی حەشد: پێکهێنانی ژووری هاوبەش و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان پێویست نیە


وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، ئاماژەبەوەدەکات هێزی پێویست لەو ناوچانە بوونی هەیە، کە داعش جم و جۆڵی تێیاندا هەیە و هێرشیان تێدا ئەنجام دەدات، بەڵام گرفت نەبوونی هەماهەنگیە لەنێوان هێزەکان.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی، دەڵێت" شەوی ڕابردوو، داعش لەگوندی بەشیر کوڕی سەید قەمبەر متمانەپێکراوی مەرجەعیەتیان کوشتووە، لەخانەقینیشن هێرشیانکردووەتە سەر حەشد، داعش جوڵەی هەیە، ناوچەکە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی بەردەوامە."

دوای کوژرانی کوڕی سەید قەمبەری متمانەپێکراوی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق لە هێرشێکی داعش دا، حەسەن تۆران جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە بەیاننامەیەکدا، داوای ناردنی هێزی لە حکومەتی عێراق کردووە، بەڵام عەلی حسێنی وتی"ناردنی هێز پێویست نیە، بوونی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکان پێویستە، هەروەها ئەو ئاوارانەی بۆ گوندەکان گەڕاونەتەوە، دەبێت لە ناسنامەیان بکۆڵرێتەوە."

سەبارەت بە دەنگۆی هاتنی هێزێکی زۆری داعش لەسوریاوە بۆ عێراق، وتەبێژەکەی حەشدی شەعبی وتی"سنوری نێوان عێراق و سوریا توندوتۆڵ نیە، تا هێز هاتووچۆ نەکات."

بەبڕوای عەلی حسێنی وتەبێژی حەشد، عەبدوڵا قەرداش ی خەلیفەی داعش، لە ئێستادا لە عێراق نیە، بەڵکو گومان دەکرێت لەسوریا بێت، چونکە ئەمنیەتی ناوچەکانی عێراق لەسوریا باشترە.

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حسێنی وتەبێژی حەشدی شەعبی، پێکهێنانی ژووری هاوبەشی لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ڕەتکردەوە، ئاماژەی بەوەکرد شەڕ و هێرشی گەورە لە ئارادانیە، تا ناوچەکە پێویستی بە ناردنی پێشمەرگە بێت، وتی"داواکردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە سیاسیە نەک ئەمنی، چونکە هەڵبژاردن نزیکە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:14 0:00


XS
SM
MD
LG