Accessibility links

بەپێی گرێبەستێک ڕووسنەفتی ڕووسیا کۆنترڵی لایەکی لولەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات


گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕووسیا گرێبەستی مۆرکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی لولەی سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە مەبەستی زیاکردنی ئاستی وەبەرهەمهێنانەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ 3.5 ملیار دۆلار، سەرەڕای جموجۆڵە لەشکریـیەکانی بەغدا لە ئاکامی ڕیفراندۆمەکەی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام درا.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز، ڕووسنەفت گوتویەتی دەبێتە خاوەنی 60%ی لولە نەوتەکە و کۆمپانیای KAR Group کە لە ئێستادا لولە نەوتەکە دەخاتە کار، وەک خاوەنی 40%ی لولەکە دەمێنێتەوە. بەپـێی قسەی ئەوانەی ئاگاداری ڕێکەوتنەکەن، پـێشبینی دەکرێت کۆی وەبەرهەمهێنانەکانی ڕووسنەفت لە پـرۆژەکە بگاتە نزیکەی 1.8 ملیار دۆلار.

لەگەڵ ئەوەش ئەم کۆمپانیا ڕووسیـیە لە ئەمساڵدا 1.2 ملیار دۆلاری وەک قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، جگە لەمانە ڕووسنەفت 400 ملیۆن دۆلاری دیکە دەستدەکەوێت لە دۆزینەوەی 5 بیرە نەوتی دیکە.

ڕۆیتەرز دەشڵێت، بەڵام لەم هەفتەیە هەناردەکانی نەوتی هەرێم لە 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێـکدا بۆ 200 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ڕووداوەکانی کەرکوک.

ڕۆژی پـێنجەشممە چەند کاژمێرێک بەر لە مۆرکردنی ڕێکەوتنەکە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیـیەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە کەرتی نەوت لە ڤیرۆنای ئیتالیا گوتی "داواتان لێدەکەم کوردستان لە بیر نەکەن"

ڕۆیتەرز دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 4 ملیار دۆلاری لە کۆمپانیای ڕووسنەفت و کۆمپانیاکانی دیکەی بازرگانی نەوت و تورکیا قەرزکردووە و بڕیارە لە ئایندەدا لە داهاتی ئەو نەوتەی هەناردەی دەکات بیانداتەوە.

XS
SM
MD
LG